بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆڕێکدا وتی: "منیش تێدەگەم ئەگەر حکوومەتێکمان هەبێت و نەتوانێت مووچە بدات، ئەوە بەڵگەی بێتواناییەتی."
ناوبراو وتیشی: جیاوازی "تەوتین" و "هەژماری من" جیاوازییەکی زۆر ڕوونە، "تەوتین" ئەوەیە پارە بەبێ هاتن بۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بچێتە سەر هەژماری مووچەخۆران، بەڵام "هەژماری من" ئەوەیە پارە بێت بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بچیت لەو بانکە وەریبگریت کە حکوومەت دەیەوێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتیشی: "خەڵک تەجروبەیەکی خراپی لەگەڵ وەزارەتی دارایی خۆمان هەیە و کلک و گوێی مووچەیان زۆر کردووە بەناوی قەرز و چەندین شتی دیکە، بۆیە بڕوایان پێی نەماوە، بڕواناکەن مووچەکانیان بگاتە دەستیان، بۆیە ئەمڕۆ خەڵک بارودۆخێکی وای بۆ دروستبووە هیوایان وایە مووچە لە بانکەکانی عێراقەوە وەربگرن."
Your Comment