بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی X بڵاویکردەوە، پێشوازی لە ڕوونکردنەوەی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵی دەکەم سەبارەت بە بەشداربوونی بانکە حکوومی و تایبەتەکان لە پرۆسەی بەبانکی کردنی مووچەی هەرێمی کوردستان، 'هەژماری من'.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕوونکردنەوەکەی دادگای فیدراڵی ئەو مافە بنەڕەتییە دووپات دەکاتەوە.
سەرۆکی حکوومەت دەشڵێت: داوا لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەم بە زووترین کات خۆیان تۆمار بکەن.
مەسروور بارزانی لە لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "ئەم پێشکەوتنەی ئەمڕۆ، زیاتر هانمان دەدات تا پرۆسەی 'هەژماری من' خێراتر بکەین و بەڵێنەکەمان جێبەجێ بکەین کە تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ، یەک ملیۆن مووچەخۆر ببن بە خاوەن هەژماری بانکی. هەروەها دڵنیایی زیاتر بە پەیوەندیی هەولێر و بەغدا دەدات و رێگە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی دیکە خۆش دەکات".
دادگای فیدراڵی عێراق لە نووسراوێکدا بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردبوو، مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئازادن لە بەبانکیکردنی مووچەکانیان لەو بانکە حوکمی و ناحکومییانەی لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە رێگەپێدراون و لە هەرێمی کوردستان لقیان هەیە.
Your Comment