بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مۆفەق حوسێن پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردەوە، جگە لەو هەموو پارەیەی لە بەغدادەوە دێت بۆ هەرێم، سێ سەرچاوە هەیە بۆ داهاتی کوردستان ئەوانیش، داهاتی نەوت، داهاتی نانەوتی و یارمەتی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کە ٣٣ ملیار دینارە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، بە پێی داتای وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێم، هەرێم مانگانە بڕی ٣٥٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆی هەیە و هەندێک سەرچاوەی دیکەی حکومەت دەڵێن، داهاتی ناوخۆ دەگاتە ٥٠٠ ملیار دینار، بەڵام بەشی زۆری دەچێتە گیرفانی حزبەکانی دەسەڵات.
مۆفەق حوسێن ئەوەشی خستە روو، بەپێی قسەکانی وەزیری نەوتی عێراق رۆژانە ٣٧٥ هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێم بەرهەم دەهێنرێت و ئەگەر ئەو بڕە نەوتە بە نرخی سومۆ کە زیاتر لە ٨٠ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک بفرۆشرێت، ئەوا رۆژانە بە بەبەهای ٣٠ ملیۆن دۆلار و مانگانە بەبەهای ٩٠٠ ملیۆن دۆلار لە هەرێم نەوت دەفرۆشرێت.
پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ باسی لەوەش کرد، کۆی گشتی داهاتی هەرێم مانگانە دەکاتە یەک تریلۆن و ٥٧١ ملیار دینار، لەکاتێکدا بۆ دابەشکردنی مووچە تەنها ٩٥٠ ملیار دینار پێویستە و ئەگەر پارەی مووچەش لە کۆی داهاتی گشتی دەربکرێت، هێشتا بڕی ٦٢١ ملیار دینار دەمێنێتەوە بۆ کرێی کۆمپانیاکانی نەوت و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.
ناوبراو وتیشی، "ئەگەر ئەم هەرێمە بەدەست خەڵکی دڵسۆز و دەست پاکەوە بێت و حکومەتێکی عادلی هەبێت ئەوە زۆر بە ئاسانی دەتوانێت مووچە دابەش بکات و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانیش جێبەجێ بکات و پێویستمان بە هیچ کەسی تر نەبێت".
Your Comment