کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێم دەکات وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نووسراو داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات، وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کۆبووەوە و نووسراوی فەرمی بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناردووە بۆئەوەی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی "ئایا کۆمیسیۆن هیچ وادەیەکی پێشنیاز کردووە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن؟" جومانە غەلای گوتی، "پێشنیازی هیچ وادەیەک ناکەین، تەنیا داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەین وادەیەکی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکات".

جومانە غەلای وتیشی، "بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی و دەستەی ئەنجوومەنی دادوەریی هەڵبژاردن، کاریگەریی لەسەر خشتەی کاری کۆمیسیۆن دروستکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە ۱۰-۰۶-۲۰۲۴، بەو هۆیەوە کۆمیسیۆن نەیتوانی لەم وادەیەدا هەڵبژاردن بەڕێوەببات".

رۆژی ۰۷-۰۷-۲۰۲۴ تەمەنی کاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتایی دەهات؛ بەڵام چوارشەممە ۲۲-۰۵-۲۰۲۴، پەرلەمانی عێراق درێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی تاوەکو ۰۶-۰۱-۲۰۲۵ پەسند کرد، ئەوەش بە مەبەستی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

گوتەبێژی کۆمیسیۆن راشیگەیاند، دوای درێژکردنەوەی ماوەی کارەکانی کۆمیسیۆن بۆ شەش مانگی دیکە، "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پابەندە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بەڕێوەببات."

درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تەنیا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە. بۆ هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، کۆمیسیۆنێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت.

کۆمیسیۆن دەستی بە رێکارەکان کردبوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیاربوو لە ۱۰ی حوزەیرانی ئەم ساڵ بکرێت، بەڵام بەشدارینەکردنی پارتی و پێکهاتەکان لە هەڵبژاردن و دواتریش سکاڵایەکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی لەسەر کۆمیسیۆن، وایکرد کۆمیسیۆن رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رابگرێت.

ئێستا کۆمیسیۆن دەستیکردووەتەوە بە رێکارەکان، لەوانەش تۆماری بایۆمەتری بۆ لەدایکبووانی ۲۰۰۶ و ئەوانەی بایۆمەتریان نەکردووە، هەروەها وەرگرتنەوەی پەنجەمۆری ئەوانەی کێشەی پەنجەمۆریان هەیە.

News Code 223586

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha