بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆمیتەی ناوەندی پارتی لە ڕاگەیەندراوێکدا باس لە پەێوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ئێران دەکات و و دەڵێت: پەیوەندیمان لەگەڵ کۆمارى ئیسلامىی ئێران، کە هەوراز و نشێوى بەخۆیەوە بینیوە و ماوەیەک ساردى و لێکتێنەگەیشتن بە پەیوەندییەکانمانەوە دیاربوو، سەرەڕاى ئەوەى کە پەیوەندییەکانمان پێشینەیەکى دێرین و باشی هەبووە و، دواى پەیوەندیکردن و هەوڵدان بۆ ئاسیاییکردنەوەى پەیوەندییەکان بە لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندى هاوبەشى هەردوولا، ڕەوتى هەوڵەکانى ئاساییکردنەوە ئاکامى هەبوو، هیوادارین بە ئاراستەى ڕێزگرتن و لێکتێگەیشتن پەیوەندییەکانمان بگەڕێنەوە ئاستى ئاسایى.
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشەوە دەڵێت: هەروەکوو پێشتریش ڕامانگەیاندووە کە بەر لە کۆتاییهاتنى ماوەى خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان لەگەڵ ئەنجامدانى هەڵبژاردندا بووین بۆ ئەوەى پەنا نەبەینە بەر هیچ ڕێککارێکى دیکە، بەڵام بەداخەوە بە بیانووى جۆراوجۆر ڕێگا لەم هەوڵە یاسایى و ئاساییەى پارتیمان گیرا، بۆیەش دوابەدواى ڕووداوو بڕیارەکان لەسەر ژمارەیەک بابەتى سیاسى و ئیدارى و دارایى و، جێبەجێنەکردنى دەستوور و لەبەرچاونەگرتنى مافى پێکهاتەکان و هەندێ ڕێککارى نادروست سەبارەت بە هەڵبژاردن، هەڵوێستى خۆمان ڕاگەیاند، ئێستاش هەوڵەکانمان لەگەڵ لایەنەکان بەگشتى بۆ چارەسەرى کۆى کێشەکان بەردەوامە و، دواى ئەوەى چارەسەرى کێشەکانى کە لە هەڵوێستى ڕاگەیاندراوماندا باس کراون بکرێن و، ڕێککارەکان لە بەرژەوەندى خەڵکى کوردستان دابن و هەڵبژاردنەکە ببێتە هەڵبژاردنێکى گەل پەسند، هەڵوێستى خۆمان ڕادەگەیەنین.
پارتی لەبارەی پێوەندییان لەگەڵ حکوومەتی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، دەستوورى هەمیشەیى دەوڵەتى فیدراڵى عێراق ڕێوشوێنى پەیوەندییەکانى ڕێکخستووە و بەگوێرەى ماددە و بڕگەکانى، شێوازى بەڕێوەچوونى ئیدارە و مامەڵەى هەرێم و حکومەتى فیدراڵى دیاریکردووە، هەروەکو دەسەڵاتەکانیش دیاریکراون. لەلایەکى دیکەوە بۆ زیاتر هەماهەنگى و پێکەوە کارکردن، ژمارەیەک ڕێککەوتنى سیاسى و ئیداریمان لە چوارچێوەى ئیئتیلافى ئیدارەى دەوڵەت ئەنجامداوە.
دەشڵێت، ئێمە لە پارتى دیموکراتى کوردستان، داواکاربووین و داواکارین بۆ چارەسەرى کێشەکان پەنا بەرینە بەر دەستوور و ڕێککەوتنەکان و، هەوڵەکان بە ئاراستەى چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکان بەردەوام بن، هەروەها پشتوانى لە هەوڵ و هەنگاوەکانى سەرۆکایەتى هەرێم و حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین بۆ جێبەجێکردنى ماددەکانى دەستوور و ڕێککەوتنەکان و چارەسەرکردنى کێشەى بودجەى هەرێم و مووچەى فەرمانبەرانى خۆڕاگرى کوردستان.
لەبارەی تورکیاشەوە ڕایدەگەیەنێت، پەیوەندیمان لەگەڵ کۆمارى تورکیا بە هەوڵى هەردوولا و لێکتێگەیشتن و ڕێزگرتنى بەرامبەر و پاراستنى بەرژەوەندییەکان، ڕێڕەوى ئاسایى خۆى وەرگرتووە و، هاتنى سەرۆک کۆمارى تورکیایش، بۆ کوردستان، تەکانێکى ئەرێنى و باشى دایە پەیوەندییەکانمان.
Your Comment