سەرۆکایەتی هەرێم هێشتا مەرسوومی دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی دەرنەکردووە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تاوەکوو ئێستا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان مەرسوومی دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی دەرنەکردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کەناڵ 8ی ڕاگەیاندووە: ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکارێکی باشی کۆمیسیۆنە لە ئامادەکارییەکان، کارەکانی کۆمیسیۆن لەژێر چاودێری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدایە، هاوکات حکوومەتی عێراق هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات.

ناوبراو گوتییش، تاوەکوو ئێستا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان مەرسومی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی دەرنەکردووە، کۆمیسیۆن چاوەڕێی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، پێشنیازی رۆژی 5ـی ئەیلوولیان کردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

عیماد جەمیل گوتیشی، پێش 5ـی ئەیلوول ناتوانن هەڵبژاردنی کوردستان ئەنجام بدەن، دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن پێویستی بە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆن و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان نییە، هەروەها هیچ گرفتێکی داراییان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە.

سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی تۆمارکردنی جیزب و بەربژێرەکان، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆن باسی لەوەکرد، دەرگای تۆمارکردنی حیزب و بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردن دەکرێتەوە، لە "8 بۆ 13"ـی ئەم مانگە دەبێت، پێدەچێت گۆڕانکاریی بەسەر ئەو لیستانەدا بێت کە پێشتر لای کۆمیسیۆن تۆمارکراون.

ناوبراو هەرچی لەبارەی کورسی کۆتای پێکهاتەکانە رایگەیاند، بۆ کورسی کۆتای پێکهاتەکان لیست وەرناگرن و پێویستە بەربژێرەکان سەربەخۆ خۆیان تۆماربکەن، سکاڵای تایبەت بە کورسی کۆتای پارێزگای دهۆک وەرگیراوە و بڕیاری لێدەدرێت، پێنج کورسییەکەی کۆتای پێکهاتەکان لە چوارچێوەی 100 کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستانە.

عیماد جەمیل لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گوتی، دواکەوتنی هەڵبژاردن بەهۆی فەرمانسالاریی دادگای فیدراڵییەوە بوو، بەبێ بوونی هۆکاری یاسایی بەهیچ شێوەیەک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواناخرێت، هەروەها لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن دوای پرۆسەکە باسی لەوەکرد، "دوای 24 کاتژمێر لە پرۆسەی دەنگدان ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن رادەگەیەندرێت".

لەبارەی بوونی کێشە لە پەنجەمۆری بەشێک لە دەنگدەران ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەکرد، کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران لە هەموو پارێزگاکان هەیە، بەشێکی زۆری ئەوانەی ئەو کێشەیەیان هەیە کەسانی بەتەمەنن، رێژەیەکی دیاریکراوی ئەو کەسانەی کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان هەیە دەتوانن دەنگ بدەن، کۆمیسیۆن لێکۆڵینەوە لە هۆکاری نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران دەکات.

News Code 223627

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha