بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جومانە غەلاى، وتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاندووە: "چاوەڕوانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانین وادەى نوێی هەڵبژاردنى پەرلەمان دیاریبکات، دواکەوتنى دیاریکردنى رۆژى هەڵبژاردن کاریگەرى لەسەر کارەکانى کۆمیسیۆن بەجێهێشتووە".
ناوبراو وتیشى: "کارەکانمان بەهۆى دیارینەکردنى وادەى نوێی هەڵبژاردنەوە راگیراوە و کۆمیسیۆن ناتوانێت کارەکانى بکات، تاوەکو وادەى نوێی هەڵبژاردن دیاری نەکرێت".
وتەبێژى کۆمیسیۆن باسى لەوەش کرد، لەناو ئەو حیزبانەى بایکۆتى هەڵبژاردنیان کردبوو تاوەکوو ئێستا تەنیا پارتى دیموکراتى کوردستان ئامادەیى پیشانداوە بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردن، هەروەها تاوەکوو ئێستا بەربژێرانى کۆتا ناوى خۆیان بۆ پێنج کورسیى کۆتاکان تۆمار نەکردووە".
جومانە غەلای ڕوونیشی کردووەتەوە، دواکەوتنى دیاری کردنى کاتى هەڵبژاردن کاریگەریى لەسەر خەرجییەکانیش هەیە، بۆیە کۆمیسیۆن ناتوانێت دەست بەکارەکانى بکات تاوەکوو سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان مەرسووم دەردەکات.
Your Comment