بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێکهاتەکانى کریستیان، ئەرمەن و تورکمان، لە دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق پێنج سکاڵایان تۆمار کردووە بۆ گەڕاندنەوەى کورسییەکانیان و پیادەکردن یەک بازنەیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانى کوردستان.
ئەیاد کاکەیی، پارێزەرى ئەو سکاڵایانە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دادگەى باڵاى فیدراڵى ئاگایینامەى ئەو سکاڵایانەى ئاڕاستەى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان کردووە ،بۆ ئەوەى رۆژى دانیشتنەکان لەسەر ئەو دۆسیانە دیاریبکرێن.
تورکمان و کریستیانەکان هەر یەکەیان دوو سکاڵایان بەجیا تۆمار کردووە، ئەرمەنەکانیش سکاڵایەکیان تۆمار کردووە.
ئەو سکاڵایانە لە دادگەى فیدراڵى لە کاتێکدایە، ڕۆژی 21ى ئایار سکاڵایەکى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى لە دژى چەند رێکارێکى کۆمیسیۆن بۆ دابەشکردنى کورسیی پێکهاتەکان لەلایەن دادگەکەوە رەتکرایەوە.
پاساوى دادگەى فیدڕاڵى بۆ رەتکردنەوەى ئەو سکاڵایە ئەوەبوو، دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن بڕیارى لە بارەى دیاریکردنى پێنج کورسیى پێکهاتەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان داوە.
ئەیاد کاکەیی وتىشی: "ڕەنگە ئەو پێنج سکاڵایە لەلایەن دادگەوە رەتبکرێتەوە بەپاساوى ئەوەى دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن بڕیارى لە بارەوە داوە، بەڵام ئەگەر کۆمیسیۆن بازنەکانى هەڵبژاردن بۆ دەنگدانی پێکهاتەکان نەکاتەوە یەک بازنە، لە کۆمیسیۆن و دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن تانەى لێدەدەین، ئەگەر لەوێش تانەکان قبوڵ نەکران، ئەگەرى تۆمارکردنى سکاڵاى دیکە لە دادگەى فیدراڵى کراوەیە".
دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن بە بڕیارێک کۆمیسیۆنى ناچار کردووە پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت، کورسییەکان بەسەر بازنەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەش دەکرێن.
Your Comment