پشتیوانی دەکەین لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە ھەڵبژاردنێکی گەل پەسەند

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی  ۴۸ـەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان جەختی لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە ھەڵبژاردنێکی گەل پەسەند کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ۴۸ـەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پشتیوانی لەوە دەکەن، بتوانن سەقامگیری کوردستان ''وەک ھەمیشە بپارێزین و ژیان و گوزەرانی خەڵک بەرەو باشتر و باشتر ببەین، ھاوکات کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە ھەڵبژاردنێکی گەل پەسەند، ھەڵبەتە ئەمەش پێویستی بە یەکڕیزی و یەکھەڵوێستیی نەتەوەیی و نیشتمانی ھەیە".

لە ڕاگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتیدا هاتووە؛ گەلەکەمان قۆناخگەلێکی دوورودرێژی بڕیوە و سەدان ھەوراز و نشێوی دیکەی تێپەڕاندووە و 'چەندین مین و پیلانی دیکەی پووچەڵ کردووەتەوە و دووبارە لە ئاییندەدا و ئاسۆیەکی گەش دەڕوانێت".

دەقی بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان:

جەماوەری کۆڵنەدەری کوردستان

ئەندام و لایەنگرانی تێکۆشەری پارتیمان

پێشمەرگە قارەمانەکان

ئەمڕۆ چل و ھەشت ساڵ بەسەر ھەڵگیرسانەوەی شۆڕشی پێشکەوتنخوازی گوڵاندا تێدەپەڕێ، ئەو شۆڕشەی بە ڕابەرایەتی و ڕێنوێنیی بارزانیی نەمر و سەرکردایەتیی پارتیمان بەرپابوو. ھەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵان خەونی داگیرکەر و دوژمنانی خستە چاڵ و سەلماندی کە کورد نابەزێ و لە پیلان و گەلەکۆمەکێی نێودەوڵەتی بەھێزترە.

چوار ساڵ دوای ڕێکەوتننامەی یازدەی ئازار و ئەو کاتەی  ڕژێمی بەعس خۆی لە پابەندییەکانی ڕێكکەوتنەکە و مافە ڕەواکانی کورد و کوردستانییەتی کەرکووک دزییەوە، سەرکردایەتیی پارتی و شۆڕشی کوردی لە نێوان ڕازیبوون بەو واقیعە تاڵە و دووبارە ڕووکردنەوە چەک و چیا، ڕێی دووەمی ھەڵبژاردوو بە پشتیوانیی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان درێژە بە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و داکۆکی لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان دراو، دیسان خۆ سازدارایەوە و لە بیست و شەشی گوڵانی ساڵی ١٩٧٦ و لە چیاکانی کوردستانەوە دووبارە ھەڵگیرسانەوەی شۆڕشی جاڕدرا و سەنگەرەکانی شەرەفمەندیی بەرگریی ئاوەدان کرانەوە.

ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان بە دۆست و دوژمنانی سەلماند، کە شۆڕشی میللەتێکی ھەقخواز و خاوەن کێشەیەکی ڕەوایە، بۆیە نە بە ئاگر و ئاسن، نە بە پیلان و گەلەکۆمەکێی نێودەوڵەتی و نە بە نکووڵی و فشار خامۆش ناکرێ و لەناو نابرێ، پارتی و ڕێبازی بارزانییش ئەو پارت و ڕێبازە نین، کە بەو فشار و ھەڕەشە و دوژمنکارییانە کۆڵ بدەن و گۆڕەپانەکە چۆڵ بکەن و ڕێگا بدەن سەودا بە مافەکانی کوردەوە بکرێت، ھەروەھا سەرھەڵدانەوەی شۆڕش سەلماندی تاکە ڕێگا چارەی دۆزی کورد داننانە بە سەرجەم مافە نەتەوەیییەکانی ئەو میللەتە.

شۆِڕشی گوڵان، وەک درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و ئامانجەکانی، جگە لەوەی ئەو نائومێدییەی ڕەواندەوە، کە لە نسکۆدا ھاتە ئاراوە، بووە دەسپێکی قۆناغێکی دیکەی خەباتی کوردایەتییش، کە سەرباری ئاستەنگ و کێشەوبێشەکان، توانیی ئەو خەباتە ڕەوایە درێژە پێ بدات تا پێکھێنانی بەرەی کوردستانی و کۆبوونەوەی ھەموو ھێزە سیاسییەکان لە دەوری یەک ئامانج و ئەوەش بووە ھەوێن و داینەمۆی ڕاپەرینی پیرۆزی ساڵی ١٩٩١، کە ئاسۆیەکی نوێی لەبەردەم گەلی کورددا کردەوە، دواجار گەلی کورد سەربەرزانە و لەسەر خاکی خۆی دەسەڵاتی دیموکراسییانەی میللی خۆی لە چوارچێوەی ھەرێمی کوردستان دامەزراند و کۆی ئەوانەش، کە پیلانی جەزائیریان لە گەلی کورد و شۆڕشەکەی گێڕا، نابووت بوون و لەلایەن گەلانی خۆیانەوە سەرنگوون کران.

ئەمڕۆ کە یادی ئەو شۆڕشە مەزنە دەکەینەوە، گەلەکەمان قۆناغ گەلێکی دوور و درێژی بڕیوە و سەدان ھەوراز و نشێوی دیکەی تێپەڕاندووە و چەندین لوغم و مین و پیلانی دیکەی پووچەڵ کردۆتەوە و دووبارە لە ئایندە و ئاسۆیەکی گەش دەڕوانێت، پارتی کە ئەو ھەموو پیلان و گەلەکۆمەکییەی لێکرا، وەک پێشڕەوی کوردایەتی و کۆڵنەدان، وەک ھەمیشە شۆڕەسواری مەیدانە و بە پاڵپشتیی گەل، حزبی ژمارە یەکی عێراق و کوردستانە، ھەڵوێستە سیاسییەکانی و خۆڕاگری و داکۆکیی مەردانەی لە خاک و مافی گەلی کوردستان، ھێندەی دیکە پێگە و متمانەی لەسەر ھەموو ئاستەکان بەھێز کردووە و بەرنامە نیشتمانسازی و ئاوەدانخوازییەکەشی جێی ئومێدی جەماوەرە، پتەویی ڕیزەکانی نێوخۆشی وای کردووە ئەھلی ئەو پڕکێشییە سەختانە و پێشڕەوایەتیی خەبات و ئاواتەکانی گەلەکەمان بێت.

لە کاتێکدا یادی شۆڕشی گوڵان دەکەینەوە، بە متمانەیەکی زۆرەوە بەرەو کوردستانێکی ئاسوودە و سەقامگیر ھەنگاو دەنێین، بۆ بەھێزکردنی پێگەی سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسی ھەرێم و، دووپاتی پشتیوانیمان لە دامەزراوە سەروەرییەکانی سەرۆکایەتی ھەرێم و حکوومەتێکی بەھێز و سەرتاسەری دەکەینەوە، کە لە ئاست ئەرکەکانی قۆناغەکەدا بن و، بتوانن سەقامگیریی کوردستان وەک ھەمیشە بپارێزن و ژیان و گوزەرانی خەڵک بەرەو باشتر و باشتر ببەن، ھاوکات کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە ھەڵبژاردنێکی گەل پەسەند، ھەڵبەتە ئەمەش پێویستی بە یەکڕیزی و یەکھەڵوێستیی نەتەوەیی و نیشتمانی ھەیە، ئەو یەکڕیزییەی، کە پارتیمان زۆرترین نەرمیی لە پێناودا نواند بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکانی ناو ھەرێم و ئەوانەی پەیوەستن بە دانوستانەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ لە بارەی ھەڵبژاردن و بوودجە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان، لەلایەکی دیکەوە و لەو دەرفەتە جارێکی تر جەخت دەکەینەوە سەر پرەنسیپەکانی ھاوبەشی و ھاوسەنگی و سازان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە عێراقێکی فیدڕاڵدا.

لەو یادە پڕ شکۆیەدا، ھەم دیسان بەڵێن و پەیمان بۆ گەلی کوردستان و سەرۆک (مەسعوود بارزانی) دووپات دەکەینەوە، وەک ھەمیشە لەسەر ھەمان ڕێبازی نەگۆڕ و ڕەسەن و ڕاستەقینەی کوردایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانیمان بەردەوام بین بۆ پاراستنی قەوارەی سیاسیی شەرعییانەی ھەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان، ھەروەھا بەھێزکردنی بنەماکانی ئاشتەوایی و دیموکراسی و کولتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان.

لەو یادە پیرۆزەدا سڵاو و دروود بۆ دامەزرێنەر و ڕابەر و داڕێژەری ڕێبازی کوردایەتی (مستەفا بارزانی نەمر) و کاکە (ئیدریسی ھەمیشە لەیاد) و سەرجەم شەھیدانی ڕێگای سەروەری و ئازادی و ڕزگاریی کوردستان.

لە یادی شۆڕشی گوڵاندا، بەڵێن بۆ گیانی پاکی شەھیدان نوێ دەکەینەوە کە درێژەپێدەری ڕێبازەکەیان بین، کە ڕێبازی کوردایەتی و نیشتمانپەروەرییە بۆ پاراستنی ئەو ئەزموون و دەستکەوتانەی، کە بەرھەمی خوێنی بەنرخی ئەوانە.

دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدان و سڵاو و رێز بۆ خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزیان دەنێرین، سڵاو بۆ یادی ئەو تێکۆشەرانەی سەرقافڵەی گەشانەوەی ژیلەمۆی شۆڕش بوون.

گەرمترین پیرۆزبایی لە ئەندامان و لایەنگر و دۆستان و جەماوەری پارتیمان و کۆی خەڵکی کوردستان دەکەین، بە تایبەتیش یەک‌ بە یەکی پێشمەرگە قارەمانەکانمان کە بە جوامێری و لە سایەی سەری ئەواندا کوردستان پارێزراو و سەربەرز و ئارامە.

News Code 223569

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha