لە سەردەمی جەنابی ڕەئیسیدا بەڵێنمان وەرگرت کە هێڵی شەمەندەفەر دەگاتە دەروازەی باشماخ

پارێزگاری سلێمانی لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا وێڕای جەخت کردنەوە لەسەر فراونکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ڕایگەیاند: لە سەردەمی جەنابی ڕەئیسیدا بەڵێنی ئەوەمان وەرگرت کە هێڵی شەمەندەفەر دەگاتە دەروازەی باشماخ و هیوادارم هەردوولا هاوکار بن بۆ ئەوەی بتوانین کێشەی ڕێگاوبانەکان چارەسەر بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی تایبەت بۆ کوردپرێس لەبارەی تەوەری گفتوگۆکانی چوار پارێزگاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگارە هاوسنوورەکانیان لە ئێران کە لە چوارچێوەی کۆڕبەندی سنەدا بەڕێوەچوو، ڕاگەیاند: "باسی ئەوامان کردووە کە چۆن ئێمە ئەو مەرزانە وابەهێز بکەین کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەهێز بکرێت و قەبارەی بازرگانی زیاتر بێت و بتوانین پێداویستیی بازاڕەکانی یەکتری پڕ بکەینەوە و بتوانین پەیوەندییەکانمان بەهێز بکەین. بۆ ئەم مەبەستەش ئەبێت هەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەم کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لەسەر خەت بن بۆ ئەوەی کێشەی ڕێگاوبانەکان چارەسەر بکەن".

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی کرد بە خولی پێشووی دانیشتنەکانی نێوان پارێزگارەکان هەرێمی کوردستان و پارێزگارە کوردنشینەکانی هاوسنووریان لە ئێران و وتی: "ئێمە لەسەردەمی جەنابی ڕەئیسیدا بەڵێنی ئەوەمان لە ئەوان وەرگرت کە هێڵی شەمەندەفەر دێتە دەروازەی سنووریی باشماخ. ئومێد دەکەم کە هەماهەنگ و هاوکاربین بۆ ئەوەی هەردوولامان بتوانین ڕێگاوبانەکان باش بکەین، چوونکە بازرگانی ناتوانێت گەشە بکات ئەگەر پەیوەندییەکان و ئامرازەکانی پەیوەندی کردن باش نەبن و لە هەموویان گرینگتر ڕێگاوبانەکان و هۆکانی گواستنەوە باش نەبن. بۆیە ئەمەش بەرپرسیارێتییێکی دوولایەنەیە".

هەڤاڵ ئەبووبەکر ئاماژەشی کرد بە ژمارەی زۆری سنووری فەرمی و نافەرمی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و وتی: "لەم دۆخەی کە هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە و قەیرانێکی گەورەی ئابووریش لە ناوچەکەدا هەیە مادام کە لەنێوان ۱۲ دەروازەی نێودەوڵەتی لە نێوان ئێران و عێراقدا ۶یان لە سنووری پارێزگای سلێمانیدایە ئەو دەرفەتەمان هەیە کە هەردوولا هەماهەنگ بن و ئەو ڕێگاوبانانە بەشێوەیێک چاک بکەنەوە کە خزمەتێکی گەورە بە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بکات.

سێیەمین خولی دانیشتنەکانی نێوان پارێزگارانی هەرێمی کوردستان و پارێزگا هاوسنوورەکانیان لە ئێران، لە شاری سنە و لەژێر ناوی «کۆڕبەندی سنە» لە دوو ڕۆژدا بەڕێوەچوو و لەو کۆڕبەندەدا حەوت پارێزگاری هاوسنوور، لەسەر تەوەرە ئابووری، ئەمنی، سیاسی و فەرەهەنگی دانوستانیان کرد و لە کۆتاییشدا لێکتێگەیشتننامە و ڕێککەوتننامەی بازرگانییان واژۆ کرد.

پارێزگاری سلێمانی لەبارەی دەسەڵاتی پارێزگارەکان لە جێبەجێ کردنی ئەو لێکتێگەیشتننامانەدا بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: "ئەم بابەتە پەیوەستە بە حکوومەتی هەێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ئێمە وەکوو پارێزگار هەموو ئەمانەمان خسۆتە بەردەستیان و ئومێد دەکەم لەگەڵ کابینەی نوێدا ئەم بابەتە زۆر بە جیدی وەربگیردرێت و ئیشی لەسەر بکرێت چوونکە ئەگەر ڕێگا و بانەکان باش نەکرێت نە ئاوەدانی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزاری خۆمان بەرەو پێشەوە ئەبەین نە ئاڵوگۆڕەبازرگانییەکان لەگەڵ دەرەوەدا بەهێزتر دەبن".

هەڤاڵ ئەبووبەکر یەکێک بوو لە کاندیدە دیارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان کە وەکوو کەسایەتیێک حەقیقی زیاتر دەنگی لە مێژووی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا بەدەست هێناوە. ناوبراو بەردەوام جەخت لە یەکگرتوویی و بەیەکەوەبوون دەکات و لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسیشدا جارێکی دیکە جەختی لەو دوو خاڵە گرینگە کردەوە و وتی: "من داوا لە هەموو لایێک دەکەم کە یەکگرتوو بین و چاومان لە شتە جوانەکان بێت ناشیرینییەکانی یەکتر باش بکەین و ڕاست بکەینەوە چاومان لە ئایندە بێت ئێمە بەیەکەوە ئەژین و لە ناوچەیێکداین کە هەموو شتەکانمان یەکە تەنها مەرزەکانمانە کە زۆر جار لەیەکمان دوور ئەخاتەوە. ئێمە لێرەین کە مەرزەکانیش وا ڕێکبخەینەوە کە هیچ ئاستەنگێک لە نێوان سنە و سلێمانی و کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستان نەمێنێت".

ناوبراو زیادی کرد: "بڕوای من وایە لە ئایندەیێکی نزیکدا ئێمە بەرهەمەکانی ئەبینینەوە چوونکە ئەو بارودۆخانە ئێستا لە دنیا ئەگوزەرێت، وەکوو پەدە کوردییەکە دەڵێت «کاسەی پڕ ئاشتیی ماڵە» پێمان ئەڵێت کە ئەبێت کاسەی ئابووری جیهان و ناوچەکە و دەوڵەتەکان بەهێز بکرێتەوە بۆ ئەوەی مەنیەتێکی باشتر بەسەر جیهاندا بکێشێت و ئاشتییێکی ڕاستەقینە بێتە کایەوە".

یەکێک لە ڕەخنە سەرەکییەکان ئەوەیە کە لە هەێمی کوردستان مەوزووعی حیزب و حیزبگەرایی زۆر ئاستەنگ دروست دەکات؛ هەواڵنێری کوردپرێس ئەم پرسیارەی کرد کە ئایا ئەم بابەتە لەبەردەم ئێوەیش ئاستەنگ دروست دەکات؟ هەڤاڵ ئەبووبەکر لە وەڵامدا وتی: "بڕوای من وایە لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەدا بابەتی حیزبیش ئەچێتە قۆناغێکی ترەوە بۆ یەکەمجار حوکمڕانی دێتە پێشەوە ئەبێت ئێمەیش حوکمڕانێکی بەهێز و ڕەشید و ڕەوامان هەبێت و کە لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی و خزمەت بە کۆی خەڵک، هاووڵاتی بوون دروست بکات و یاسا سەروەر بکات".

 

News ID 225495

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha