لە پەراوێزی کۆبوونەوەی هاوبەشی پارێزگاری پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران لەگەڵ پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان، نوخشە ناسح پارێزگاری هەڵەبجە لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا باسی لە یەکەم ئەزموونی سەردانی خۆی بۆ سنە کرد و وتی: زۆر زۆر خوشحاڵم کە لە شارە جوانەکەی سنەم و ئەمەش بۆ یەکەمجارە کە سەردانی ئەم شارە ئەکەم بەڵام پەشیمانم لەوەی کە ساڵانێکی زۆرە چۆن نەهاتووم بۆ ئەم شارە جوان و میواندۆستە، زۆر سوپاسی جەنابی دکتۆر لهۆنی پارێزگاری سنە ئەکەین و هەروەها کۆماری ئیسلامیی ئێران و خەڵکەکەی کە ئەو لوتف و موحیبەتەیان بۆ ئێمە شتێکی تازە نییە.
ناوبراو وتیشی: ئێستا من لە کۆبوونەوەکەیشدا ئاماژەم پێدا کە ۳۷ ساڵ لەمەوبەر ئەوەی کە ئازاری هەڵەبجە و کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی چەکی کیمیای و منداڵە ونبووەکانی بیست تەنها ئێران بوو بۆ ئەمڕۆش سوپاسم کردن، بەڵام ئەمڕۆش هەڵەبجە لەبوارێکی دیکەدا پێویستی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و هاوڵەکانیەتی ئەویش لەبواری گەشە سەندن و ئابووری و کشت و کاڵ و وەبەرهێنان و کلتووری و بەشە پزیشکییەکانین کە ئێستا سەرقاڵی کردنەوەیانین.
نوخشە ناسح لەبارەی ئاستی پەیوەندییەکانی نوێان هەرێمی کوردستان و ئێران زیاتر وتی: خۆشبەختانە ئێمە لە مانگی ڕابردووداشدا ئێمە لەگەڵ پارێزگاری کرماشاندا کۆبووینەتەوە، خۆتان ئەزانن کە بەدرێژایی چەندین کیلۆمەتر لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سنوورمان هەیە و هەمیشە هەماهەنگیمان هەبووە و هەمیشەیش هەوڵدراوە هەماهەنگییەکان لە سوودی هەردوولامان بێت و خەڵکی هەردوولا لێی سوودمەند بێت. خۆشبەختانە تا ئێستا باشمان هێناوە بەڵام لەمەوبەدوا ئەمانەوێت فراوانتری بکەین، واتا ئەو پارێزگایانەش کە مەرزمان لەگەڵیاندا نییە ببینەوە هەروەها کە ئێستا لەگەڵ پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و سنە و چەند شوێنێکی دیکە کۆ بووینەتەوە و داوامان لێکردوون لەڕووی کلتووری و فەرهەنگی و زانست و زانکۆکانەوە هاوکار و هەماهەنگ بین.
پارێزگاری هەڵەبجە وتیشی: بە دەستخۆشیشەوە بۆ مامۆستا مەلا قادری خۆشەویست کە هەمیشە پشتیوانی هەڵەبجە بووە و هەروەها جەنابی ئاغای ئەسەدی و هەموو ئەو کەسانەی کە دەستیان هەبووە لە کردنەوەی مەرزی شۆشمێ بە شێوەیێکی گەشتیاری کە خۆشبەختانە من دەبێت بڵێم هەر بەپێی ئاماری مانگی ڕابردوو ۷۰۰۰ گەشتیار هاتوچۆیان کردووە و جا ئەگەر ئێمە فراوانتر و باشتری بکەین و کاتەکان درێژ بکەینەوە ئەم ئامارە زۆرتر ئەبێت و هەم خەڵکی ئێمە ئیستفادە ئەکات و هەم لەڕووی گەشتیارییەوە و هەم لەڕووی مادییەوە. ئێمەیش وەکوو پارێزگاری هەڵەبجە بەڵێن ئەدەین لەساڵی داهاتوودا پارێزگای هەڵەبجە جیاواز بێت، جیاواز بێت بۆ ئەوەی گەشەسەندوو بێت بە هاوکاریی هاوبەشەکانی.
فرە حزبی و ململانێ و دابەشبوونی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە دیاردە سەرەکییەکانی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان دێتە ئەژمار. لە زۆر حاڵەتدا کاریگەریی دەسەڵاتی حزبی بەسەر کاروباری حکوومەت و حوکمڕانیدا دەبیندرێت بۆیە پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە ئاراوە کە پارێزگارەکان کە پەیوەندییان بە لایەنە دیاریکراوەکانەوە هەیە چەند دەسەڵاتیان دەبێت لە جێبەجێ کردنی ئەرکەکانیاندا؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کوردپرێسدا، پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند: من سوپاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەکەم کە یەکێکە لە حزبە باڵادەستەکان و پێکهێنەری حکوومەت و باوڕیشی بە ژن هەیە و من وەکوو خانمێک کە زانیومە وەکوو یەکەم ژن لەسەر ئاستی عێراق ئینتخاب کراوم و بووم بە پارێزگار، بەڵام ئەم پۆستە ئەرکی سەرشانم زۆرتر قورس ئەکات بۆیە پێویستم بەوەیە کە ئیسباتی وجوودی خۆم بکەم و مەبەستی منیش خزمەت کردنی هاونیشتمانیانە، واتا مەبەستەکەم ئەوە نییە بەس ناوێکم وەرگرتبێت و ببم بە پارێزگار بەڵکوو مەبەستی سەرەکیم ئەوەیە کە خزمەتی کەسوکاری شەهیدان بکەم و ئیشەڵا خودای گەورە پشت و پەنامان ئەبێت.
نوخشە ناسح کۆبوونەوەکانی لە شاری سنە زۆر بە ئەرێنی وەسف کرد و لەمبارەوە بە کوردپرێسی وت: کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ زۆر زۆر باش بوو، وەکوو وتم ئەم کۆبوونەوانە شتێکی تازە نییە و مێژوویێکی کۆنمان هەیە لەگەڵ ئەم کۆڕ و کۆبوونەوانەدا و بەرهەمی باشمان هەبوو، کۆبوونەوە لەنزیکیشەوە زۆر زۆر باشتر لەوەی کە لە ڕێگای نووسراو و ئامێرەکانی دیکەوە بێت چوونکە هەم جوانتر لەیەکتر تێ ئەگەین هەم جوانتر پەیامەکان ئەگەیێنین. بۆیە هەر ئەمڕۆش جەنابی پارێزگاری سلێمانی بەدەستخۆشییەوە دەعوەتی ئەم وەفدەی کرد کە ئەمجارەیان کۆبوونەوەکە لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی بێت و ئێمەش وەکوو یەکێک لە پارێزگارەکان لە خزمەتی خەڵکی خۆشەویستی سنە و کرماشان و ئازەربایجان و هەموو دانیشتوانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانداین.
دەقی فایلی ڤیدیۆیی گفتوگۆی هەواڵنێری کوردپرێس لەگەڵ نوخشە ناسح پارێزگاری هەڵەبجە:
Your Comment