فەرامەرز ئەسەدی ئاماژەی دا بە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی سنە و وتی: ڕێکخستنی ئەم کۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی حەوت پارێزگار کە هەریەکەیان بەرپرسیارێتی و بەرنامەی بەرفراوانیان هەیە، کارێکی ئاسان نەبوو. بەڵام بە سەبر و کۆڵنەدان و هەماهەنگییێکی ورد، دواجار دیدارەکە سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو.
ناوبراو زیادی کرد: لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە لە پاڵ هەرێمی کوردستان وەستاوە. هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ڕێڕەوەکانەوە و پەرەپێدانی جادەکان تا دەگاتە سەردەمی سەختی قەیرانەکان، لەوانەش سەردەمی کۆرۆنا، کە پەیوەندیی زۆرینەی وڵاتان لەگەڵ یەکتر پچڕابوو، پەیوەندییە بازرگانی و سنوورییەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان تەنانەت بۆ ڕۆژێکیش نەوەستا.
کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە هەولێر، پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان هەردوولای لە باشترین ئاستی مێژووییدا وەسف کرد و ڕایگەیاند: ئەمڕۆ دەرفەتێکی زێڕینە بۆ پەرەپێدانی هاوکاری لە هەموو بوارەکاندا، لەوان ئابووری، ڕۆشنبیری، ئەکادیمی، گەشتیاری، ژێرخانی ئابووری. پێویستە ئەم دەرفەتە بە پشتیوانی بەرپرسانی پارێزگاکان و هاندانی کەرتی تایبەت بەباشی کەڵکی لێوەربگیردرێت.
ئەسەدی ئاماژەی بە دەفرایەتیی بەرزی هاوکاری لە بواری گەشتیاریدا کرد و وتی: " هەرێمی کوردستان داوای کردووە بۆ گەڕاندنەوە پشکی ڕۆژانەی ٢٠ پاسی نەفەرهەڵگر لە هەرێمەوە بۆ ئێران، بەتایبەتی بۆ پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، و کرماشان".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە کۆمپانیا ئێرانییەکان لە بوارە گرنگەکانی دروستکردنی بەنداو، دروستکردنی وێستگەی وزە، و دروستکردنی ڕێگاوبان سەرنجی دەسەڵاتدارانی هەرێمیان بەرەوخۆیان ڕاکێشاوە و لایەنی ئێرانیش بەتەواوی ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە گەورەکان دەربڕیوە.
کۆنسووڵی گشتیی ئێران لە هەولێر ڕاشیگەیاند: "ئەمڕۆ سنوور نەک هەر هەڕەشە نییە، بەڵکوو دەرفەتێکی ئابوورییە بۆ پارێزگا سنوورییەکان". ئێمە وەک نوێنەرایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان، ئامادەی هاوکاری کردنین لەگەڵ بەرپرسانی هەردوولا بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەکان.
Your Comment