بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئۆمێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە یاوەریی نوخشە ناسح پارێزگاری هەڵەبجە، هەواڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی و عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک و شاندێکی باڵا گەیشتنە شاری سنە و لە سەرەتای گەیشتنیدا بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند: خۆشحاڵین کە ئێستا گەیشتووینەتە شاری سنەی خۆشەویست لە پارێزگای کوردستان بۆ بەشداری کردن لە سێیەمین کۆبوونەوەی پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارێزگارەکانی سنووری کە بریتن لە پارێزگاری کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کرماشان.
ئۆمێد خۆشناو ڕاشیگەیاند: تا ئێستا سێ کۆبوونەوە ئەنجام دراوە، کۆبوونەوەی یەکەم لە ورمێ بوو و کۆبوونەوەی دووهەم لە هەولێر بوو و ئێستاش بە خۆشحاڵیەوە لە سەر بانگهێشتی فەرمی بەڕێز دکتۆر لهۆنی پارێزگاری کوردستان ئێمە لێرەین و دەست بە کۆبوونەوەکانمان دەکەین.
پارێزگاری هەولێر لە درێژەدا وتی: بەناوی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم ئەندامانی شاندەکە سپاس لە بۆ جەنابی دکتۆر لهۆنی و تیمی یاوەری کە عزیەتیان کێشا و لە پێشوازیی ئێمەدا بوون ئۆمێد دەکەین کۆبوونەوەکانمان دەرئەنجامی زۆر باشی لە بۆ هەردوولامان هەبێت.
ناوبراو جەختی کردەوە: هەرێمی کوردستان شانازی بە هەموو پێوەندییە مێژووییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات، لە دیپلۆماسیەتی ئێستای دەوڵەتەکانیشدا پێوەندیی شارەکان کاریگەریی ئەرێنی هەیە لەسەر پێوەندیی حکوومەت و دەوڵەتەکان، ئێمەیش بە شانازییەوە ئەو پێوەندییەمان لەگەڵ شارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە و ئۆمێد دەکەین ببێتە هۆکارێکی دیکە بۆ بەرەوپێش بردنی پێوەندییەکانمان لە هەموو ڕوویێکەوە بەتایبەتی لە ڕووی بازرگانییەوە سوودی بۆ هەردوو لامان هەبێت.
لە کۆتاییدا ڕاشیگەیاند: هەروەها لێرەوە سوپاسی جەنابی سەرکۆنسووڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر جەنابی ئاغای ئەسەدی دەکەم کە لە ڕێکخستنی بەرنامەکە ڕۆڵێکی گرینگ و کاریگەری هەیە، هەروەها سوپاسی کاک شاكر حوسێن، بهرپرسی پهیوهندییهكانی حكوومهتی ههرێمی كوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەم، ئەم دوو بەڕێزە هاوکارێکی ئەساسی بوون لە ڕێکخستنی ئەم بەرنامەیە.

Your Comment