ئارەش لهۆنی: سنوورەکان دەکەینە دەرفەت بۆ گەشەی ئابووری

پارێزگاری کوردستان وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە کاتی ئەو گەیشتووە کە شێوازی تێڕوانینمان بۆ سنوورەکان لە گرفتەوە بۆ دەرفەتێک بۆ گەشەی ئابووری بگۆڕین وتی: ئەم دیدارە دەتوانێت دەستپێکی وەرزێکی نوێ بێت بۆ پەیوەندیی پارێزگا سنوورییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی "کۆڕبەندی سنە" کە بە ئامادەبوونی پارێزگارانی هەرێمی کوردستانی عێراق و پارێزگا هاوسنوورەکانی ئێران لەگەڵ هەرێم بەڕێوەچوو، ئارەش لهۆنی ئاماژەی بە گرنگیی پەرەپێدان بە پەیوەندییە هەرێمییەکان کرد و وتی: گەیشتن بە دروشمی "سەرمایەدانان بۆ بەرهەمهێنان" تەنیا بە مانای بووژانەوەی بەرهەمهێنان و دامەزراندن نییە، بەڵکوو هەنگاوێکی گرنگە لە ڕێگای دادپەروەری ئابووری و خۆبژێوی نیشتمانی."

ناوبراو ئاماژەدا بەوەی کە ئەم کۆبوونەوانە دەتوانێت هەنگاوێکی کاریگەر بێت بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان، زیادی کرد: ئامادەبوونی پارێزگارە بەڕێزەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق شانبەشانی هاوکارانمان لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کرماشانەوە مایەی فەخر و شانازییە. ئەو خەڵکەی لە هەردوو دیوی سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق دەژین، تەنیا دراوسێی جوگرافی نین، بەڵکوو پەیوەندییێکی قووڵی مێژوویی و کولتوورییان هەیە.

پارێزگاری کوردستان ئاماژەی دا بە چەندین سەدە پەیوەندیی دۆستانە و پەیوەندی خێزانی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نەریتی و ڕێوڕەسمی هاوبەش لە نێوان خەڵکی ناوچەکەدا، وتی ئەمە سەرمایەیێکی کۆمەڵایەتییەی  و ڕاشیگەیاند: "پێویستە سوود لەم توانایانە وەربگرین بۆ داڕشتنی مۆدێلی نوێی هاریکاری".

لهۆنی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کاتی ئەو گەیشتووە کە شێوازی تێڕوانینمان بۆ سنوورەکان لە گرفتەوە بۆ دەرفەتێک بۆ گەشەی ئابووری بگۆڕین و ئەم دیدارە دەکرێت سەرەتای لاپەڕەیێکی نوێ بێت لە پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگا سنوورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان. وەرزێک لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش و گەشەپێدانی بەردەوام.

ناوبراو ئاماژەشی دا بە سەردانە مێژووییەکەی سەرۆک کۆماری ئێران لە مانگی گوڵانی ۱۴۰۳ی هەتاویدا بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق و وەبیری هێنایەوە: "ئەم پێشهاتانە نیشانەی ئیرادەی جددی هەردوولایە بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکان". وتیشی دیداری سنەیش بەگوێرەی ئەو ڕێبازە و بە ئامانجی قووڵکردنەوەی پەیوەندییە دێرینەکان بەڕێوەدەچێت.

News ID 225464

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha