بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە، لە وتەکانیدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران و بەتایبەتی کونسوڵخانەی ئێران لە هەولێر و کونسوڵخانەی ئێران لە سلێمانی دەربڕی و وتی: "بە ناوی هەموو خەڵکی هەڵەبجە و بەرپرسانی باڵای هەرێمەوە، سوپاسی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین، کە یەکەم وڵات بوو بە هانای هەڵەبجەوە هات لە کاتی کیمیابارانکردنیدا."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: ئێمە سنوورێکی ۱۱۸ کیلۆمەتریمان لەگەڵ ئێران هەیە، هەرچەندە ئێمە پارێزگایێکی بچووکی هەرێمی کوردستانین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دوو سنووری هاوبەشمان لەگەڵ ئێران هەیە و ئاڵوگۆڕی بازرگانیش لەو دوو سنوورە ئەنجام دەدرێت. مانگی ڕابردوو دیدارێکی هاوبەشمان لەگەڵ پارێزگاری بەڕێزی کرماشان ئەنجامدا، و بە هاوکاریی ڕێزدار کۆنسوووڵی گشتیی ئێران لە هەولێر و مامۆستا قادر قادری پێشنوێژی هەینی پاوە، بەستێنی پێویست بۆ خزمەتگوزاری سەردانیکەران فەراهەم کرا.
نوخشە ناسح زیادی کرد: لێرەوە داوا دەکەم گرنگییەکی جددی بە سنووری نافەرمی سازان بدرێت و پلانێک دابڕێژرێت بۆ دابین کردنی بنەمای پێویست بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەکار هێنانی ئەو سنوورە و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان.
پارێزگاری هەڵەبجە جەختی لەوە کردەوە: "جگە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و کشتوکاڵی، دەتوانین لە بواری ئاڵوگۆڕی زانستی و ئەکادیمیشدا هاوکاریی یەکتر بکەین.
Your Comment