بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕێککەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکدێت؛ بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.
لە ڕێککەوتنەکە دا هاتووە: "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیێکی ڕەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات.
دەقی رێككەوتنەكەی نێوان مەزڵووم كۆبانی و ئەحمەد شەرع:
بە پشتبەستن بە کۆبوونەوەیێک کە لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆكی كاتیی سووریا و مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات، لە ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو، لەسەر ئەمانەی خوارەوە ڕێککەوتن کرا:
۱- گەرەنتی کردنی مافی هەموو سووریاکان بۆ نوێنەرایەتی و بەشداری کردن لە پڕۆسەی سیاسی و هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت لەسەر بنەمای لێهاتوویی، بەبێ گوێدانە پاشخانی ئاینی و نەتەوەیی.
۲- پێکهاتەی کورد پێکهاتەیەکی ڕەسەنی دەوڵەتی سووریایە، دەوڵەتی سووریاش مافی هاوڵاتی بوون و هەموو مافە دەستوورییەکانی زامن دەکات.
۳- ئاگربەست لە تەواوی ناوچەکانی سووریا.
۴- تێکەڵ کردنی سەرجەم دامودەزگا مەدەنی و سەربازییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ئیدارەی دەوڵەتی سووریا، لەوانە، دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتی و غازییەکان.
۵- دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارە سورییەکان بۆ شارۆچکە و گوندەکانیان و پاراستنیان لەلایەن دەوڵەتی سوریاوە.
۶- پاڵپشتی کردنی دەوڵەتی سووریا لە شەڕی دژی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو هەڕەشەکانی سەر ئاسایش و یەکڕیزی وڵاتەکە.
۷- رەتکردنەوەی بانگەوازەکانی دابەشبوون و گوتاری رق و كینە و هەوڵدان بۆ بڵاوکردنەوەی ناتەبایی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریادا.
۸- لیژنه جێبەجێكارەكان کاردەکەن بۆ جێبه جێ کردنی رێککەوتننامەكە بە جۆرێک لە كۆتایی ئەمساڵ تێنەپەڕێت.
Your Comment