بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە ڕایگەیاند پێشوازی لەو ڕێککەوتنە دەکات کە دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا تێکەڵ دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە پشتیوانی بۆ یەکپارچەیی و سەروەری و سەلامەتی خاکی سووریا دووپات کردەوە.
لە لایێکی دیکەشەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەردەن ڕایگەیاند ڕێککەوتنەکە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاڕاستەی بنیادنانەوەی سووریا لەسەر ئەو بنەمایانەی کە یەکپارچەیی و سەروەری و سەقامگیریی دەستەبەردەکەن و ئاسایشی دەپارێزن و ڕزگاری دەکەن لە تیرۆر و مافی هەموو ڕۆڵەکانی گەلی سووریا دەپارێزن.
ئەوەشی خستەڕوو کە ئەردەن پشتیوانی سووریا دەکات کە لە ڕێی دیالۆگێکی ناوخۆیی و بە بەشداری هەموو پێکهاتەکان و پاراستنی مافەکانیان و پاراستنیان لە پشێوی و ئاشوب و ململانێوە سووریا و بنیادبنرێتەوە.
قەتەریش یەکەم وڵات بوو کە پشتیوانیی بۆ ڕێککەوتنەکەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتی نوێی سووریا کرد کە دوێنی لە دیمەشق لە نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرعدا واژۆ کرا.
Your Comment