ڕێککەوتن دەبێت مافی کوردەکان گەرەنتی بکات؛ وەکوو پاڵپشتیکاری کورد دەمێنینەوە

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بڵاویکردەوە، پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکوومەتی دیمەشق دەکەن و لە پاڵپشتی کردنی ئەو هێزە بەردەوام دەبن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ژان نۆوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە ئێکس بڵاویکردەوە، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.

لەبارەی نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، "پێشوازیم لە رێککەوتنەکەیان لەگەڵ دیمەشق کرد کە پێویستە گەرەنتیی مافەکان، ئاسایشی هاوبەشە کوردەکانمان و بەردەوامیی شەڕ دژی داعش بکات". دەشڵێت، ئەوان وەکوو پاڵپشتیکاری کوردەکان دەمێننەوە.

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لەبارەی رێککەوتنەکەوە رایگەیاند: "ئەم رێککەوتنە سیاسییە کە ئێمە لەگەڵ هاوبەشە ئەمریکییەکانمان بەشداریمان تێدا کرد، هەنگاوێکی ئەرێنییە بەرەو چارەسەرێکی ئاشتییانە لە رێگەی دانوستانەوە، کە یەکگرتوویی سووریا، بەشداری کردنی کورد لە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی و زامن کردنی ماف و بەرژەوەندییەکانی لەخۆ دەگرێت."

وەزارەتەکە لە ڕاگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد: "فەرەنسا لە هەوڵەکانی بۆ ئاسانکاریی دیالۆگ لەنێوان حکوومەتی کاتیی سووریا و هاوبەشە کوردەکانی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوام دەبێت، هەروەک چۆن لە سەرەتای قۆناخی گواستنەوەوە هەوڵی بۆ داوە".

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەختی لەوەش کردەوە، وڵاتەکەیان پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێ کردنی پرۆسەی گواستنەوەی سیاسیی ئاشتییانە لە سووریا دووپات دەکاتەوە، بە جۆرێک کە ببێتە هۆی بنیاتنانی سووریایەکی ئازاد، یەکگرتوو، سەقامگیر و خاوەن سەروەری.

News Code 225041

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha