عێراق دەیەوێت ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە کەمپی سورداش جێگیر بکات

عێراق هەنگاوی کردەیی دەنێت بۆ کەمپنشین کردنی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کە لە هەرێمی کوردستانن، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕەزامەندی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی وەرگرتووە بە مەبەستی نیشتەجێ کردنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کە لە ناوچەی زڕگوێزن، لە کەمپی سورداش لە سلێمانی.

کوردپرێس:

ماڵپەڕی پەرەگراف بڵاوی کردەوە بەپێی نووسراوێکی فەرمیی قاسم ئەعرەجی کە ١٩ی ئەم مانگە ئاڕاستەی وەزارەتی کۆچ کراوە، ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی بەندەکانی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێرانە.

هەرهەمان ڕۆژ ئیڤان فائیق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق وەڵامی نووسراوەکەی قاسم ئەعرەجی داوەتەوەو لاریی نەبووە لەو داوایە و تەرخان کردنی کەمپی سورداش بۆ ئەو مەبەستە.

هەرلە ١٩ی مانگدا قاسم ئەعرەجی لەگەڵ وەزیری کۆچ و کۆچبەران کۆبووتەوە و ئەعرەجی لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک وێنەکانی کۆبوونەوەکەی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت، کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردن بووە لەسەر ئەو پاڵپشتییانەی کە وەزارەتەکە پێشکەشی کردووە بۆ کارەکانی لیژنەی باڵای ئەمنیی بۆ چاودێریی جێبەجێ کردنی ڕێکەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران.

سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی بە پەرەگرافی وت "نووسراوەکەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق تایبەتە بە نیشتەجێ کردنی لایەنە ئۆ پۆزسیۆنەکانی ئێران کە لە زڕگوێزن لە کەمپی سورداش".

نووسراوەکەی قاسم ئەعرەجی

عێراق دەیەوێت ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە کەمپی سورداش جێگیر بکات

وەڵامەکەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران

عێراق دەیەوێت ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە کەمپی سورداش جێگیر بکات

شایانی باسە هەریەکە لە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە)، حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردسانی ئێران کە ئۆپۆزسیۆنی چەکداری ئێرانن بارەگایان لە زڕگوێزە.

ڕێکەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران کە مانگی سێی ساڵی ڕابردوو لە نێوان هەردوو وڵات و بە ئامادەیی وەزیری ناوخۆی هەرێم واژۆ کرا، سەرەکیترین خاڵی چەککردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێم و نیشتەجێ کردنیانە لە کەمپدا.

پێشتر ئێران بە پاساوی بوونی هەڕەشەی "گرووپە چەکدارییە جوداخوازەکان" لە سنوورەکانەوە بۆ سەر وڵاتەکەی، بە بەردەوامی تۆپبارانی هەرێمی کوردستانی کردووە. لە مانگەکانی کۆتایی ۲۰۲۲ـدا هێرشەکانی چڕ کردەوە و چەند جارێک بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی لە قووڵایی خاکی هەرێمدا بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو کردە ئامانج.

News Code 223976

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha