بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ناوچەکانی زڕگوێز، بانە گەورە و زڕگوێزەلە لە نزیک سلێمانی، حیزبەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، رێکخراوی کوردستانی حیزبی کومۆنیستی ئێران (کۆمەڵە)، کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی کوردستانی ئێران چەندین بارەگایان هەیە و نزیکەی دوو ساڵە داوای چۆڵکردنی ئەو بارەگایانەیان لێ دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە ڕۆژی شەممە ۱۰ی ۵ی ۲۰۲۵ کۆمەڵەکان گواستنەوەی ماڵ و بارەگاکانیان لەو ناوچانەی سلێمانی دەستپێکردووە، بڕیارە بچنە کەمپی سوورداش لە قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی.
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێک لە کۆمەڵەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی وتووە: "ئاسایش، هێزی دژەتیرۆر، ناسراو بە هێزە رەشەکەی، لەنزیک بارەگاکانمان جێگیر کردووە. ئێمەش ناچار بووین گواستنەوەی بارەگا و ماڵباتەکانمان دەستپێبکەین."
گواستنەوەی کۆمەڵەکان لەو ناوچانەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، لەچوارچێوەی رێککەوتنی بەغدا – تارانە کە هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدارە.
بەگوێرەی رێککەوتنی بەغدا و تاران، دەبێت ئەو بارەگایانە و ماڵباتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە سنووری سلێمانییەوە بگوازرێنەوە کەمپی سوورداش لە سنووری قەزای دووکان هەر لە پارێزگای سلێمانی.
پێشتر و لە چوارچێوەی هەمان رێککەوتندا، حیزبەکانی کۆمەڵە و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران سنوورەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان چۆڵکرد.
ئەو شوێنانەی حیزبەکانی دژبەری ئێرانی پێشتر تێیاندا بوون و چۆڵیانکردن لە سنووری قەزای سیدەکان بوون لە پارێزگای هەولێر، بە تایبەتی لە گەرووی زین و بەربزێن. ئێستا هێزی پاسەوانی سنوور تێیدا جێگیر بووە.
عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان (سلێمانی) لەمبارەوە دەڵێت: "ئەوەی دەکرێت جێبەجێکردنی رێککەوتنی بەغدا و تارانە بە ئامادەبوونی هەرێمی کوردستان و خودی حیزبەکان."
Your Comment