بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرچاوەیەک لە لیژنەی باڵای ئاسایشی نیشتمانی عێراق به دروشمى (کەمپی ئازادی، بۆ دووبارە گەڕانەوەی ژیان) چه‌ند زانیارییه‌کى گرنگ له‌باره‌ى کوردانى ئێرانی نیشته‌جێى سنوورى قه‌زاى کۆیه ئاشکرا ده‌کات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت: "ژیانی خێزانە ئاوارەکانی کوردستانی ئێران لە هه‌رێمى کوردستان، بەچاودێری نووسینگەی UN و حکوومەتی هەرێم و عێراق لەڕێگەی کەمپێکەوە، لە بۆردوومان پارێزراودەبێت، ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان پێشنیازی بۆ حکوومەتی عێراق و ئێران کرد، بۆ ئەوەی ئەندامەکانی حزبە کوردستانیەکانی ئێران کە نیشتەجێى هه‌رێمى کوردستانن، بچنە ژێر چەتری UN و لەڕێگەی دروستکردنی کەمپێکەوە کە تەواوی خزمەتگوزارییەکانی ژیان وەکوو نەخۆشخانە و خوێندنگە و باخچەو دابینکردنی ئارامی لەپێناو سەلامەتی بۆ ژیانیان".
ده‌شڵێت: "کەمپی ئازادی بەتەواوەتی ناوەکەی لەوشەی ئازادی و سەربەخۆییەوە هاتوە تا کوردانی ئێران نیشتەجێ کوردستان ئازادانە لە کەشێکی ئارام ژیانی خۆیان دەستپێبکەنەوە کە ئەمە داواکاری لایەنە ئۆپۆزسیۆنه‌کانى ئێرانە کەخۆیان داوایانکردوە کەمپی ئازادی لەهەمان شوێنی نیشتەجێبونیان لەکۆیە بێت".
سه‌رچاوه‌که باسى له‌وه‌شکردوه، "دروستکردنی کەمپەکە بوودجەی وەکوو سلفەی سەرەتایی سێ ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە، بەتەواوەتی UN سەرپەرشتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەکات بەچاودێریی هەردوو حکوومەتی هەرێم و عێراق کە لەماوەی ڕابردوودا لەسنووری ئیدارەی هەولێر چوار کەمپ دروستکراوە و سیانیان لە هەریرە و ئەندامانی حزبە کوردستانیەکانی تێدایە نیشتیەجێیە، له هه‌موو که‌مپه‌کانیش نووسینگەی UNیان لەناودا ده‌بێت بهکهمپى ئازادى کۆیهشهوه، سەرەڕای ئه‌وه‌ى پاراستنی ئەمنیه‌ت لەئەستۆ دەگرێت، هاوکات ناوەکانیان لەلایەن نهتهوهیهکگرتوهکانیشهوه تۆمار دەبێت و ناساندنیان بۆ ئەنجامدەدرێت".
ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌دێت دوێنێ وا بڵاوکرایه‌وه گوایه یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان کۆمپانیایه‌کى تایبه‌تى بۆ لێدانى خه‌نده‌ق و دروستکردنى دیوارى به‌رز به‌ده‌ورى که‌مپى ئازادى ۲ى کوردانی ئێران له کۆیه ئاماده کردووه و فه‌رمانکراوه ڕۆژی چوارشه‌ممه له‌گه‌ڵ هێزێکى گه‌وره ده‌ست به‌کاره‌کانى بکات و ژماره‌یه‌کى زۆریش هێزى سه‌ربازیى له‌و سنووره کۆکردۆته‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌کیش بۆ شارپرێس ئاماژه به‌وه‌ده‌کات، یه‌کێتى هیچ هێزێکى کۆنه‌کردۆته‌وه، به‌ڵکوو ئه‌و هێزانه‌ى له کۆیه‌ن، پارێزگاریى له کاره‌کانى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان ده‌که‌ن بۆ بونیادنانى ئه‌و که‌مپه بۆ ئه‌وه‌ى کوردانى ئێران بهپارێزراوى تێیدا نیشته‌جێبن، ئه‌و هێزانهشى باسیان لێوه‌کراوه، سه‌رجه‌میان ئه‌رکه‌کانیان له سنوورى قه‌زاى کۆیهدایه.
Your Comment