بەهەموو میقیاس و ڕوویەکەوە داهاتووی دەسەڵاتی کوردی بەرەو هەڵدێرە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسعوود عەبدولخالق سەرۆکی دەزگای ستاندەر لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس باس لە دۆخی ئێستاکەی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی حزبە دەسەڵاتدارەکان دەکات و دەڵێت: هەر دۆسیەیەکی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێم ببێت لە هەر دادگایەک لە جیهان دژی دەسەڵاتی کوردییە لەبەرئەوەی مەلەفەکانی هیچیان ساغ و سەلیم نین، کە واتا بەهەموو مقیاس و ڕوویەکەوە داهاتووی دەسەڵاتی کوردی بەرەو هەڵدێرە.

کوردپرێس:

دەسەڵاتی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان نیشانەی کزبوونی پێوە دیارە و لایەنی باڵادەستی دەسەڵاتیش جوولە یان دەستپێشخەریی کاریگەری لێوە دەرناکەوێت کە وەزعەکە بە ئاراستەیێکی باشدا ببات. لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش نزیک دەبینەوە و پێدەچێت بەرەیێکی ناڕازیی بەقوەت لە هەرێم هەبێت. پێشتر بەڕوونی دوو لایەنی باڵادەست (پارتی و یەکێتی) بەشی زۆری جومگەکانی دەسەڵاتیان لە دەست بووە. هێزی سەربازییان هەیە و شانازی بە خەباتی شاخەوە دەکەن. ئایا یەکگرتنی بەرەی ناڕازی دابەزینی ژمارەی کورسیی لایەنەکانی دەسەڵات دەتوانێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە ساحەی سیاسیی هەرێمی کوردستان؟ یان ئەو پارتە باڵادەستە ڕێگە نادەن ساحەکە بۆ کەسانی تر چۆڵ بکرێت؟

مەسعوود عەبدولخالق سەرۆکی دەزگای ستاندەر وەڵامی ئەم پرسیارە گرینگەی دایەوە و ڕایگەیاند: بە تەئکید دەسەڵاتی کوردی زۆر لاواز بووە هەر لەسەر ئاستی جیهان تا دەگاتە ئاستی ناوچەکە و ئاستی ناخۆی عێراق و کوردستان. لەوێوە دەستپێدەکەم کە حکوومەت لەناو کوردستان تەواو لاواز بووە، ڕێژەی دەنگەکانیان لە کەمترین دۆخدایە. پارتی دیموکراتی کوردستان کە حزبی یەکەمە و حزبێکە کە تا ئێستا قاعیدی کردووە دەنگەکانی هاتۆتە خوار لەسەدا 20ی خەڵکی کوردستان. حزبەکانی تریش زۆر زۆر کەمترن. لەسەر ئاستی جیهانیش نزیکە 12 ساڵ دەبێت هیچ ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی بەباشی لەسەر هەرێمی کوردستان نەهاتووە، نە لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە هاوپەیمانان و نە لە وەزارەتە خارجییەکان. لەسەر ئاستی ناوچەیی و ئیقلیمی ڕەنگە تا  ڕادەیەک دەوڵەتانێک وەکوو تورکیا و ئێران پاڵپشتی حزبی دەسەڵات دەکەن و ئێمە ڕەنگە باش تێنەگەین هۆکارەکەی چییە کە تورکیا یارمەتی لایەنێک دەدات و ئێران یارمەتی لایەنێکی دیکە، هەردوولایان پێیان باشە ئەو دۆخە وەکوو خۆی بێت. بە دەگمەن نەمانزانییە تورکیا و ئێران پاڵپشتی موعاریزە و ئەو داواکارییانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان ببن. گومانێکمان هەیە کە هۆکارەکە چییە بەڵام بەگشتی تەنها ئەوان تا ڕادەیەک پاڵپشتی ئەو دەسەڵاتەیان کردووە و ئیتر هیچ دەسەڵاتێکی ناوخۆیی و دەرەکی نەماوە. لە داهاتووشدا زیاتر لاوازبوون بەڕێوەیە ئەو گورزانەی کە بەر دەسەڵات کەوتوووە لە داهاتوودا زۆر زۆر فراوانتر و گەورەترن لەوەی لە ڕابردوودا بوون. ئێمە دان بەوەدا دەنێین و ئەزانین کە لەناوچەکە شۆڤێنیەت بەرامبەر بە کوردستان هەیە و بەداخەوە دابوا ئەمە نەدەبوو. ڕەنگە کە زۆر خەڵکی ناو ئەو دەوڵەتانە (ناڵێین هەموویان) کە لە دەوروبەرمان و هەروەها لە عێراق پێیان خۆش نەبێت هەرێمی کوردستان هەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا هەرێم دەستوورییە کە واتا لەئێستادا دەسەڵات خۆی هەڕەشەیە لەسەر کوردستان خۆی فاول دەدات کە گۆڵی لێبکرێت. لەناو کوردستانیش ئەگەر تۆ فاول بدەیت واتا پارتی فاول بدات بە یەکێتی، یەکێتی گۆڵی لێدەکات و هەروەها بە پێچەوانەیشەوە. کە واتا نابێت بڵێین بۆچی حکوومەتی عێراق گۆڵ لە هەرێمی کوردستان دەدات تۆ کە فاولی بدەیەی ئەویش گۆڵ دەکات هەروەها کە ئەویش فاول بدات بۆ هەرێم گۆڵی لێدەکات. بەردەوام دەسەڵاتی کوردی لەوماوەیەدا هەڵەی کردووە و لە ئەنجامدا گۆڵی لێدەکرێت و چەکوش بەرسەری دەکەوێت.

ناوبراو لەبارەی ئەو ئیدیعایانەی کە باس لە سیاسی بوونی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکەن بۆ لاواز کردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی وت: ئەوەی لە دادگای فیدراڵ سکاڵای تۆمار کردووە خۆ خەڵکی کوردستانن. کاتێک کە دەگوترێت دادگای فیدراڵ هەرێم لاواز دەکات ئەوە شتێکی ترە بەڵام خۆ سکاڵاکارەکان عێراق نییە. دواییش تەنها مەحکەمەی ئیتیحادی بڕیاری لەسەر هەرێم دەرنەکردووە، ئەوەتە مەحکەمەی پاریس و لندەن و ئەو دادگایە کە ئێستا لە ئەمریکا بەڕێوەیە هیچیان دادگای عێراقی نین.  هەر دۆسیەیەکی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێم ببێت لە هەر دادگایەک لە جیهان دژی دەسەڵاتی کوردییە لەبەرئەوەی مەلەفەکانی هیچیان ساغ و سەلیم نین، کە واتا بەهەموو مقیاس و ڕوویەکەوە داهاتووی دەسەڵاتی کوردی بەرەو هەڵدێرە بەڵام لەبەرامبەریشدا ئەوەی تەوەقوع دەکرێت بەرەیەکی پان و بەرین بەداخەوە دروست نەبوو لەبەر ئەوەی کە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی زۆر خەمخۆری ئەو میللەتە نییە و زۆر خەمی خۆی بەرژەوەندیی سەرکردەکانیانە، بۆیە بەمشێوە پەرتەوازە بووینە.

News Code 223211

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha