چەند حزبێکی کوردی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە کەمپ جێگیر دەکرێن

دوای بڵاوبوونەوەی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە ڕەزامەندبوونیان بە کەمپنشین کردنی حزبە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، بەشێک لەو حزبانە ڕایدەگەیەنن، بە فەرمی لەلایەن دەزگا ئەمنیەکانەوە ئاگادارکراونەتەوە کە دەبێت پابەند بن بە بڕیارەکەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حەسەن ڕەحمان پەنا، جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵەی کۆمەنیستی ئێران، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "بە فەرمی ئاگادارکراوینەتەوە کە کەمپەکانمان چۆڵ بکەین، ئێمە بە بەرپرسانی هەرێممان وت، دەزانین فشارەکان هی ئێرانە نەک حکوومەتی هەرێم، بەڵام بەداخەو ئێوە تەسلیم بوون و خۆزگە قبووڵتان نەدەکرد، چوونکە ئەم کارەتان لە مێژوودا دەمێنێتەوە، ئەوانیش وتیان بڕیاری ئێمە نییە هی حکوومەتی فیدڕاڵە، ئێمە تەنها جێبەجێی دەکەین".

ناوبراو وتیشی،" لەبەئەوەی نامانەوێت شەڕ دروست بێت، و ناچینە سەنگەر دژی کورد کە ئامانجی ئێرانە خوێنی کورد بە کورد بڕژێت بۆیە دەچینە کەمپەکان، بەڵام پەنابەر نابین و چالاکی سیاسی خۆمان بەردەوام دەکەین، دەبێت ژینگەی کاری سیاسیمان بۆمان فەراهەم بکرێت، نابێت دەستبەسەر بین و یوئێن چاودێریمان بکات و پارچەیەک نانمان بدەنێ، ئەگەروابێت قبووڵی ناکەین".

بە پێی نووسراوێکی فەرمی کە لە بەشێک لە میدیاکان بڵاو کراوەتەوە، ڕۆژی ۱۹ی مانگی هەشت قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق، داوا لە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەکات ڕەزامەندی دەرببڕیت بە بەکارهێنانی کەمپی سورداش بۆ جێگیرکردنی هێزە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، لە بەرامبەردا ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەران لە هەمان ڕۆژ وەڵامی نووسراوەکەی داوەتەوە و ڕەزامەند بووە بە داواکەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق.

عەلی شەمخانی، ئەمینداری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە کۆتایی مانگی سێی ۲۰۲۳دا سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕێکەوتنامەیەکی ئەمنییان واژۆ کرد تایبەت بە ئاسایشی سنورەکانی نێوان هەردوو وڵات و سنووردارکردنی جموجۆڵی حزبەکانی کوردستانی ئێران.

لە دوای چەند جارێک هێرشی ئێران بۆسەر بارەگای حزبە کوردییەکان لە مانگی نۆی ۲۰۲۲، حکومەتی ئێران ڕۆژی ۱۹ی نۆی ۲۰۲۳ی وەکو دوا وادە بۆ چەککردن و داخستنی بارەگای حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی دانابوو، بەڵام پێش ئەو وادەیە لەلایەن عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هێزە کوردییەکان لە ناوچە سنوورییەکان کشێنرانەوە، هێزەکانیشیان لە کەمپەکانی زڕگوێز و کۆیە و ناوچەکانی تر چەککران.

بەڵام لە ئێستادا حکومەتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە بەوەی لەو کەمپانەش بگوازرێنەوە و لە سورداش جێگیربکرێن.

سەرچاوەیەکی تر لە ناو یەکێک لە حزبەکانی کۆمەڵە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، پشتڕاستی قسەکانی حەسەن ڕەحمان پەنای کردەوە وتی: "بەڵی دەزگا ئەمنیەکانی سلێمانی لەگەڵماندا دانیشتوون و چەند جارێک پێیان وتین کە دەبێت زڕگوێز چۆڵبکەین."

وتیشی،" لەبەر ئەوەی نەبینە مایەی سەرئێشە بۆ هەرێم و لەبەرچاوگرتنیت دۆخەکە، بە ناچاری دەچینە کەمپە نوێیەکە".

بەڵام هەریەکە لە پارتی ئازادی و دیموکرات ڕەتی دەکەنەوە بڕیارێکی لەو شێوەیەیان پێگەشتبێت، دەڵێن "بە فەرمی ئاگادارنەکراوینەتەوە".

خەلیل نادری وتەبێژی پارتی ئازادی، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "هیچ بڕیارێکی عیراقیمان پێنەگەشتووە سەبارەت بە گواستنەوەمان، ئێمە زیاتر لەگەڵ حکومەتی هەرێم دامەزراوەکان و حزبەکوردیەکان لە پەیوەندیداین و لایەندارین، بە درێژایی ۳۳ ساڵی ڕابردوو کار و تێکۆشانمان بە جۆرێک بووە کە زیان بە باشوری کوردستان نەگەیەنێت و نەبێتە بیانوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەدەستیەوە بگرێت، فشارەکانی ئێران بەردەوامن و هەرچی بۆ بچیتە سەر درێغی ناکات، وە دەیەوێت پێش هەڵبژاردنی ئەمەریکا و کابینەی نوێ خواستەکانی خۆی بەدیبهێنێت".

نادری وتیشی: "فشارەکە لەسەر هەڤاڵانی کۆمەڵەکان چڕتربۆتەوە، بۆمان پرسیارە بۆ هەڤاڵان لە زڕگوێز یان کۆیە ببرێنە شوێنیکی تر، چ لە بابەتە دەگۆڕێت بە بۆ ئێمە و نە بۆ لایەنەکانی تر جێگە گۆڕکێ ئاڵوگۆڕی ئەوتۆ دروستناکات، ئێمە لە شەڕی داعش بەشداربوین و خوێنمان بۆداوە، بڕیارمان بە جۆرێکە قبوڵی تەسلیم بون و هەڵوەشاندنەوەی تێکۆشانی خۆمان ناکەین و هێڵیکی سورمان هەیە ناهێڵین کەس بیبەزێنێت. ئەگەر ناچار بین لەم شوێنانەی ئێستا نەمێنین دڵنیابن کە پلان و نەخشەگڵاوەکانی ئێران لە گۆڕ دەنێین".

هەرچەندە حزبی دیموکرات ئامادە نەبوو بە فەرمی لێدوان بدات لەو بارەیەوە، بەڵام سەرچاوەیەکی باڵا لەو حزبە بە دەنگی ئەمریکای وت: "بڕیارێکی لەو شێوەیە بۆ ئێمە نەهاتووە".

وێرای فشارەکان و بڵاوکراوەکەی وەزارەتی کۆچ و کۆچ بەرانی عێراق، بەڵام نوێنەری ئەو وەزارەتە دەڵێت، بڕیارەکە بە فەمی نەگەشتۆتە دەستیان.

سامر مەشکور، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سەبارەت بە بڕیارەکە بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: " ئێمە هیچ بڕیارێکی فەرمیمان بەدەستنەگەشتووە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، بەڵام بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارێکی وا پێویستمان بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، چونکە سەڵاحیەتی جێبەجێ کردنی لەلای ئەوانە، عێراق موافقە بەڵام وەزارەتی ناوخۆی هەرێم هیچ بڕیارێکی نەداوە لەو بارەیەوە، خزمەتگوزاری کەمپ و جێبەجێ کردنەوەی لە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمە".

News Code 223991

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha