بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرچاوە باڵاکە لە یەکێک لە حزبەکانی کۆمەڵە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: " هێزێکی سەر بە ئاسایشی سلێمانی سەردانی هەرسێ بارەگاکانی کۆمەڵەیان کرد، سەردانەکە بۆ ئەوە بوو کە ئاگادارمان بکەنەوە تا کۆتایی مانگ مۆڵەتی مانەوەمان هەیە لە هەرسێ بارەگاکانی کۆمەڵەکان لە زڕگوێز، بانە گەورە و زڕگوێزەلە، داوایان کرد بە زوویی بارەگاکانمان چۆڵ بکەین و بچینە کەمپە نوێکانمان لە سوورداش".
ئەو ئەندامەی کۆمەڵە وتیشی، "بەهۆی زیادبوونی فشارەکانەوە لەسەرمان ڕۆژی دووشەممە، ۲ی مانگی ۹ نوێنەری هەر سێ کۆمەڵەکە سەردانی کاک قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانمان کرد، بەڵام نەگەشتینە هیچ دەرئەنجامێک بۆ مانەوەمان، بۆیە هەوڵەکانمان بۆ مانەوە لە زڕگوێز بێئاکام کۆتایی هات".
بەپێی نووسراوێکی فەرمی ڕۆژی ۱۹ی مانگی (ئالب/۸)ی ئهمساڵ دهرچووه، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق، داوا لە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەکات ڕەزامەندی دەرببڕێت بۆ بەکارهێنانی کەمپی سوورداش بۆ جێگیرکردنی هێزە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران، لە بەرامبەردا ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەران لە هەمان ڕۆژ وەڵامی نووسراوەکەی داوەتەوە و ڕەزامەند بووە بە داواکەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق.
گواستنەوەی حزبە کوردیەکان لە زڕگوێز پەیوەستە بە ڕێککەوتنێکی هاوبەشی نێوان ئێران و عێراق کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۲۰۲۳، تایبەت بە پاراستنی سنووری نێوان هەردوو وڵات.
عەلی شەمخانی، ئەمینداری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە کۆتایی مانگی سێی ۲۰۲۳دا سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ڕێکەوتنامەیەکی ئەمنییان واژۆ کرد تایبەت بە ئاسایشی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵات و سنووردارکردنی جموجۆڵی حزبەکانی کوردستانی ئێران.
لە دوای چەند جارێک هێرشی ئێران بۆ سەر بارەگای حزبە کوردییەکان لە مانگی نۆی ۲۰۲۲، حکوومەتی ئێران ڕۆژی ۱۹ی مانگی ۹ی ۲۰۲۳ی وەکوو دوا وادە بۆ چککردن و داخستنی بارەگای حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی دانابوو، بەڵام پێش ئەو وادەیە لەلایەن عێراق و هەرێمی کوردستانەوە هێزە کوردییەکان لە ناوچە سنوورییەکان کشێنرانەوە، هێزەکانیشیان لە کەمپەکانی زرگوێز و کۆیە و ناوچەکانی تر "چەککران"، بەڵام لە ئێستادا حکوومەتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە بەوەی لەو کەمپانەش بگوازرێنەوە و لە سوورداش جێگیر بکرێن.
Your Comment