بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرچاوەیەک لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: ماوەی نزیکەی سێ مانگە مافی مانەوەی سیاسی بە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە هەولێر ڕاگیراوە، ئەوانەی مۆڵەت مانەوەی سیاسی یەک ساڵیان هەیە و بەسەرچووبێت کە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی نیشنگەی هەولێر دەکەن بۆیان نوێ ناکرێتەوە و پێیان دەوترێت سەردانی پەیوەندیەکانی پارتی بکەن، سەردانی ئەوێ دەکەیت دەوترێت سەردانی وەزارەتی ناوخۆ بکەن و لەوێش دەوترێت کێشەکە تەکنیکیە و بەم زووانە چارەسەر دەبێت.
ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت: زۆر لەوە دڵنیاین فشارەکانی ئێرانە بۆ سەر عێراق وایکردوە ئەو مافی مانەوەیە بەو کەسانەی کە مافی مانەوەی سیاسیان هەیە بۆیان نوێ نەکرێتەوە، ڕاستیەکەی ئێستا وای لێهاتووە ناتوانین هاتوچۆی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان بکەین، چوونکە لە زاڵگەکان داوای مافی مانەوە دەکرێت ئەوەش گرفتێکی گەورەیە، بەڵام مافی مانەوەی کار بە کوردانی ئێرانی هیچ گرفتێکی نییە و دەتوانن شەش مانگ جارێک نوێی بکەنەوە.
Your Comment