بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمجەد حوسێن پەناهی، سەرکردەى كۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بە ماڵپەری "جبال"ی ڕاگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بە فەرمی ئاگاداریان کردونەتەوە لە پێویستی چۆڵ کردنی بارەگاکانیان لە زڕگوێز لە ماوەی ۱۰ ڕۆژدا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، رێنماییەکان بەوشێوەیەیە بچنە ناوچەی سورداش و لەوێ نیشتەجێبن، بەپێچەوانەوە بەهێز ناوچەكەیان پێ چۆڵ دەكرێت.
لای خۆیەوە، عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، راگەیاند، ئەو رێکارانە بەشێکن لە جێبەجێ کردنی ئەو رێککەوتنە ئەمنییەی لە نێوان بەغدا و تاران ئەنجام دراوە، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و حزبی کۆمەڵە.
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوەتەوە، چەندین جار ماوەی مانەوەی ئەو حزبانە درێژکراوەتەوە، دواجاریش تا ۱ی ئایار بووە.
سەلام عەبدولخالق وتووشیەتی، زیاتر لە ۹۸ خانوو بۆ حزبە کوردستانییەکانی ئێران لە ناحیەی سورداش سەر بە قەزای دوکان لە پارێزگای سلێمانی دروستکراون، دەتوانن لەوێ نیشتەجێ بن.
Your Comment