قبووڵ کردنی سیاسەتی ئێستای تورکیا، تێچووی زۆری بۆ میللەت و دەوڵەتانی ناوچەکە دەبێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دکتۆر ئەحمەد میرە لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی کرد بە هەڵکەوتەی گرینگی ناوچەی برادۆست (پردی نێوان ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، عێراق و تورکیا) و کونترۆڵ کردنی ۴۷ لەسەدی ئەو ناوچە لەلایەن تورکیاوە لەهێرشەکەی ئەمدواییەی ئەو وڵاتە و هۆشداری دا لەوەی کە قبووڵ کردنی سیاسەتی ئێستای تورکیا تێچووی زۆری بۆ پێگەی میللەت و دەوڵەتەکانی ناوچەکە دەبێت.

کوردپرێس

ماوەی چەند هەفتەیە تورکیا ئۆپەراسیۆنی "چەنگ-قفڵ"ی بە بیانووی دروست کردنی پشتێنێکی ئەمنی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان دەست پێکردۆتەوە. بابەتی هەرە گرینگ ئەمەیە کە لە سەرەتای ۲۰۲۳وە کە گرێبەستی لۆزان کۆتایی هاتووە تورکیا بیری لە دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەربڵاو لە قووڵای خاکی هەرێمی کوردستان کردۆتەوە و ژمارەیەک لە چاودێران لەو بڕوایەدان کە هۆکاری سەرەکیی ئەم جووڵە سەربازییە بەهۆی تێڕوانینی نەتەوەپەرەستانەی ئەردۆغانەوەیە کە ویلایەتی مووسڵ بە بەشێک لە خاکی تورکیا دەزانێت و بیر لە دووبارە بونیات نانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەکاتەوە و بە ئاشکرا چاوەی لە جێبەجێ کردنی چەند پڕۆژەیەکی زەبەلاح لە هەرێمی کوردستانە.

خەونی تاکەکەسیی ئەردۆغان: دووبارە بونیادنانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی

دکتۆر ئەحمەد میرە بەڕێوەبەری پێشووی دامەزراوەی میدیایی لڤین پرێس و مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا، هێرشەکانی تورکیا لە ناوخاکی هەرێمی کوردستان بە خەونی شەخسی ئەردۆغان دەزانێت و دەڵێت: هەر لە دوای دروست بوونی تورکیای نوێوە لە سەردەمی ئاتاتورکەوە ئەجیندایەکی داگیرکەرانەی بەرانبەر بە شارەکانی کوردستان چ لە کوردستانی سووریا و چ لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە و ئەم ئەجیندا و ئەم ئەدەبیاتە داگیرکارییە لەدوای هاتنی ئەردۆغان گەیشتۆتە ئاستێکی یەکجار مەترسیدا. بۆیە هەموو ئەو جووڵانەی کە تورکیا ئەنجامی ئەدات لە پێناو خەونێکی تاکەکەسیدایە کە خەونی ئەردۆغانە و خەون بینینە بۆ بونیادنانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لەسەر حیسابی گەلانی ناوچەکە و بەتایبەتی لەسەر حیسابی کورد وەکوو نەتەوە و وەکوو کوردستان و وەکوو خاک ئەنجامی ئەدات. ئەوەی لە ئەجینداکەی ئەردۆغان مەترسیدارترە هاوبەشیی هێزە کوردییە ناوخۆییەکانە لە هەرێمی کوردستان و بەدیاری کراوی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەو بەشەی حکوومەت کە لەبندەستی پارتیدایە بۆ جێبەجێ کردنی سیاسەتەکانی تورکیا لە ناوچەکە. بە بڕوای من ئەجیندای تورکیا پارتی دیموکرات ئەجیندایەکی هاوبەشە بۆ لێدان لە پڕۆژەی ڕزگاریخوازیی کورد و یا ەەر جووڵانەوەیەکیتری سیاسی کوردستان کە خزمەت بە کێشەی ئینسان و کێشەی دیموکراسیەت و کێشەی پێکەوەژیان و ئاشتی لە ناوچەکە دەکات.

پاشهاتەکانی هێرشی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان

دکتۆر ئەحمەد میرە لەبارەی پاشهاتەکانی هێرشی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: لە لێکەوتەکانی ئەم هێرشە بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان؛ یەکەم لێکەوتەی خراپی بریتییە لە ئەوەی کە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان ئەکەوێتە بەردەم مەترسییەکی گەورەوە، خاڵی دووهەم تەداخولاتی ڕاستەوخۆی تورکیایە لە بەڕێوەبردنی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی کە لە ئێستاد ا ئەوە دەبینین کە تەداخول ئەکات لە هەڵبژاردنەکان و لە خەریتەی سیاسیی هەرێمی کوردستان؛ سێهەم لێکەوتەی خراپی ئەو هێرشانە لەسەر ئایندەی کەرکووک و پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێییە لە پارێزگای کەرکووک. چوارەم لێکەوتەی بریتییە لەوەی کە تورکیا کە دێتە قووڵایی خای عێراقەوە وەک چۆن چۆتە قووڵایی خاکی سووریاوە و وەک چۆن چووەتە قووڵایی خاکی قوبرسەوە لەوانەیە لە ساڵانی داهاتوودا ئەگەر ئەجینداکەی سەربگرێت بچێتە قووڵایی خاکی ئێرانەوە. بۆیە ئەوەی کە زۆر گرینگە پێویستە ئەجیندایەکی ئیقلیمیی گەورە هەبێت بۆ وەستاندنی دەوڵەتی تورکیا چوونکە هەموو قبووڵ کردنێکی دەوڵەتی تورکیا لەسەر حیسابی گەلانی ناوچەکە و لەسەر حیسابی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێگەی دەوڵەت و نەتەوەکانە لە ناوچەکەدا.

هەڵکەوتەی ژیوپۆلەتیکی تورکیا، هۆکاری ئاسانکارییە لە بەرنامە سیاسییەکانی ئەو وڵاتەدا

تورکیە ئەندامی ناتۆیە و هەڵکەوتەی جوگرافیایی تورکیا لەڕووی ژیۆپۆلەتیکەوە لە زۆر هەستیارە. لەسەر بنەمای ئەمەش ڕێککەوتنێکی سەربازی (نووسراو و نەنووسراو) بوونی هەیە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، داوایان له حکوومەتی تورکیا کردووه بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی خۆی لەناوخاکی عێراق هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی ناوەندیی عێراق بکات. ژمارەیەک لە شارەزایان ئەم لێدوانەی ماتیۆ میلەر بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوز دەزانن بۆ ئەوەی تورکیا هێرش بکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان. دکتۆر ئەحمەد میرە لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا و تێڕوانینی واشنتۆن لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی وت: لە ڕاستیدا لەبارەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکاوە ناتوانم بڵێم پەیوەندییەکی ناتەندروستە، بەپێچەوانەوە ئەردۆغان لێزانە لە ڕازی کردنی ئەمریکا و قوربانی کردنی کەسانی تر. تورکیا دەتوانێت کارئاسانی بکات بۆ جێبەجێ کردنی هێز و تەقەمەنیی ئەورووپا بۆ ئۆکراینا و هەرواها هاوبەشیەکی ناڕاستەوخۆی ببێت بۆ پاڵپشتی کردنی سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە ڕووی ئابوورییەوە و لە شەڕی ئۆکراینا لە ڕووی ژیۆپۆلەتیکییەوە و هەروەها چاودێرێک بێت بەسەر باڵادەستیی ئێران و ڕووسیا لە ناوچەکەدا. کەوایە هەڵکەوتەی ژیۆپۆلەتیکیی تورکیا یارمەتیی ئەم دەوڵەتە ئەدات بۆ ئەوەی کە خواست و مەرامی سیاسیی خۆی لەناوچەکە بەرەوپێش ببات.

برادۆست، پردی نێوان ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، عێراق و تورکیا

برادۆست ناوچەیەکە لە بەشی باکووری سنووری ئێران-عێراق و بەشی باشووری سنووری ئێران-تورکیا. ئەم ناوچەیە لە ڕووی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە و ناوچە کوردستانییەکانی ئێران، عێراق و تورکیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. دکتور ئەحمەد میرە لەبارەی گرینگایەتیی ناوچەی برادۆست و مکووڕ  بوونی تورکیا بۆ کونترۆڵ کردنی ئەم ناوچەیە بە ئاژانسی کوردپرێسی وت: بێگومان ئێستا لە هەرێمی کوردستان عەفرینێکی تر بوونی هەیە بۆ هاتنە ناو و دەستبەسەرداگرتنی ناوچەی برادۆست کە هەرسێ جومگەی کوردستانی تورکیا و ئێران و عێراق بەیەکەوە گریدەدات و لەڕووی کەلتوورییەوە بۆ کورد شوێنێکی یەکجار گرینگە واتا مەدێکی تاریخی و سیمبولێکی مقاومەی کوردییە و ئەتوانین بڵێین ئەو ناوچەیە پردی پێکەوە بەستنی ناوچەکانی کوردستانە لەڕووی نەتەوەیی و لەڕووی خاک و لەڕووی ئابوورییەوە و شکاندنی ئەم پشتێنە کاریگەریی دەبێت لەسەر نەخشەی کوردستان. ئەوەی کە جێگای سەرسوڕمانە بێدەنگ بوونی هەر دوو دەوڵەتی عێراق و ئێرانە لەبەرامبەر ئەو هێرشەی تورکیا. هەرچەند ئێستا لە عێراق دەوڵەت لەسەر پایەکانی خۆی نەماوە بەڵام خۆ دەوڵەتی ئێران دەوڵەتێکی بەهێزە و ئەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لەوەی کە سنوورێک بۆ ئەو لەشکەرکێشیانە دابنێت. ئەوەش ڕاستە کە ڕەنگە بەرژەوەندییەکی هاوبەش لەنێوان ئەم دوو دەوڵەتەدا بوونی هەبێت بەڵام لە کۆتاییدا ئەم لەشکەرکێشییە کاریگەریی نەرێنیی دەبێت.  ئێستا قەندیل و ناوچەکانی بادینان لە پارێزگای دهۆک بەتەواوێتیی لەژێر کونترۆڵی هێزەکانی تورکیادایە. بەگوێرەی هەندێک زانیاری لە سەدا ۴۷ی پارێزگای دهۆک کەوتۆتە دەستی سوپای تورکیا. سقووت کردنی ئەم ناوچایە کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ئایندەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕدواجاریش لەسەر ئێران و هەموو ناوچەکە دەبێت. بۆیە ئەمە پیلانێکی ئێگجار مەترسیدارە دەکرێت هەموو پێکەوە بەربەم شەپۆلە ئیستیعمارییە و ئەم خەونە داگیرکارییانەی ئەردۆغان بگرن.

News Code 223848

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha