نە مێژووی دەزانی و نە کوردییەکەت کوردییە

لە دوای هەڵکوتانە سەر ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر و ماڵەکانی مەلا بەختیار لە خانەقین و مێرگەپان لەلایەن هێزی کۆماندۆی یەکێتی، سەرکردەکانی یەکێتی و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان بۆ پاڵپشتی کردن لە مەلا بەختیار و دژایەتیکردنی هێزی یەکێتی و سەرانی ئێستای یەکێتی لە ماڵی ناوبراو کۆبوونەتەوە و مەلا بەختیاریش وەک هۆشدارییەک دەڵێت: ئەوانە لە سێبەری خۆشیان دەترسن، هەموو ئەوانەی جیاواز بیر دەکەنەوە دەبێت لەخۆیان بترسن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەلا بەختیار لە ماڵەکەی خۆیدا ڕووی قسەکانی لە سەرانی ئێستای یەکێتی کرد و بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "شووناس و مێژوو و سەروەرییەکانی یەکێتی هی ئەوان نییە".

وەک بەرەنگارییەک بە سەرانی ئێستای یەکێتی دەڵێت: "با هەمووان بێن لێرە دابنیشن لەپێش هەموویانەوە سەرۆکی یەکێتی، پەنجا پرسیاری لەسەر مێژووی یەکێتی لێدەکەم، ئەگەر توانی وەڵامی یەک پرسیاریش بداتەوە، هەرچی ئەوان دەیڵێن من قسە ناکەم".

بە هەڵچوونەوە بە بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: "نە مێژووی دەزانی و نە کوردییەکەت کوردییە، نە شەهیدەکانی یەکێتی دەناسێ نە سەروەرییەکانی دەناسێ تەنانەت نازانێ باوکی چۆن بیری کردووەتەوە، ئاخر چۆن دەبێت حساب بۆ هیچ شتێک نەکەیت و کۆماندۆ بنێریتە سەر ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر، ئاخر چاودێر ۲۶ ڤیستیڤاڵی گرێداوە، ۳۰۰ نووسەری خستووەتە ناو کاروانی ڕۆشنبیری کوردستان، هەفتەیەک نابێت، کە ڕامانگەیاند ۲۷مین ڤیستیڤاڵی گەلاوێژ ساز دەکەین، ڤیستیڤاڵی گەلاوێژ هی سلێمانی نییە و ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتییە، بەڵام تۆ نە ڤیستیڤاڵ دەزانێ، نە ئەدەب دەزانی، نە داهێنان دەزانی، نە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانی، نە ڕۆژئاوا دەزانی، نە دەزانی نووسەر چییە نە دەزانی داهێنان چییە؟".

ئاماژەی بەوەش کرد، کە بافڵ تاڵەبانی "کۆمەڵێک پەیجی فەیکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک داناوە و جنێو بە خەڵکی دەدەن و بوختان بۆ خەڵک هەڵدەبەستن." و پێشی دەڵێت: "بەمە نابیتە سیاسەتمەدار و سەرۆک، هەرگیز نابیتە سەرۆک".

مەلا بەختیار وەک خۆی وتی، بۆ مێژوو، قسەیەک بۆ سەرۆک و سەرانی ئیستای یەکێتی دەکات و گوتیشی: "ئەگەر بەو سیاسەت و ئاڕاستەیەدا بڕوات، کارەساتی زۆر گەورەتر بەڕێوە دەبێت، داخستنی ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر هەر هیچ نابێت لەچاو ئەو کارەساتەی بەڕێوەیە، ئەگەر دەستبەرداری ئەو سیاسەت و نەهجە نەبێت".

پرسیارێک ڕووبەڕووی سەرۆکی یەکێتی دەکاتەوە و دەڵێت: "مەعقوول نییە ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر ئەو هەموو نووسەر و خەڵکەی تێیدایە، ئاگاداریان نەکەیتەوە بڵێی پێویستم بەو بینایە هەیە یەکسەر هێزی کۆماندۆ بنێری؟. ئاشکراشی کرد، کە ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر موڵکی یەکێتی نییە و موڵکی حکوومەتە، دووپاتی کردەوە، کە چاودێر موڵکی یەکێتی نییە و موڵکی حکوومەتە و بەبڕیارێک لەلای ڕاگەیاندنی یەکێتی بووە.

پرسیارێک لە بافڵ دەکات و دەڵێت: "باشە ناوەندی چاودێر موڵکی یەکێتییە ئەدی ماڵەکەی من لە خانەقین واتای چی؟".

لە درێژەی قسەکانیدا مەلا بەختیار باس لەوە دەکات، کە هەندێک بەرپرس لە خانەقین چووەنەتە سەر ماڵەکەی ئەو فێری سیاسەتی کردوون، ئەوەش بە عەیبەیەکی زۆر گەورە دەزانێت.

مەلا بەختیار ۵ی ئەیلوول بە ڕۆژێکی ڕەش ناو دەبات و دەڵێت: "دوێنێم ناو ناوە ۵ی ڕەشی ئەیلوو، لە دوێنێوە ڕاچڵەکینێک دروست دەبێت، کە بەدڵنیایەوە ئاڕاستەکان و ئازادیخوازان و ڕاستگۆییەکان زۆر جوانتر بەدەردەکەون، لە دوێنێوە هاوکێشە سیاسییەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت".

باسی لەوەش کرد، کە سەرانی ئێستای یەکێتی لە سێبەری خۆشیان دەترسێن و بۆیە لەم دۆخەدا ئەوانەی جیاواز لە ئێستای یەکێتی بیر دەکەنەوە دەبێت لەخۆیان بترسن.

News Code 224037

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha