مەلابەختیار، باڵە شکاوەکەی بنەماڵە/ ڕێبوار کەریم وەلی

ئەوەی بەرامبەر مەلا بەختیار کراوە، تەسفییەیەکی حزبییە لە چەشنی ئەوەی لە ۸ی تەمموزی ۲۰۲۱ بەرامبەر لاهووری شێخ جەنگی کرا. ئەوێ ڕۆژێ دەبوایە بەرامبەر ئەو ملهوڕییە، هەڵوێستێکی جیددی هەبوایە و وەک ململانێی نێو خانەوادە تەسنیف نەکرابایە.

بافڵ، هەمووی واتێگەیاندن کە ژەهرخواردوو کراوە و قوبادی براشی وەک شانامە دەیهۆنییەوە. لەپڕ مەلا بەختیاریش ڕایگەیاند کە ژەهرخواردوو کراوە، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێ ناوی کەسی نەهێنا!

ئەوەی ئێستا لەناو یەکێتیدا ڕوودەدات، هیچی سەبەب نییە و بگرە ئەنجامە. ئەنجامی ئەوەی کە ڕێگرییان لە ڕێڕەوی مێژوو کرد.

لە ۲۰۱۲ کە مام جەلال کەوتە غەیبوبەوە، هەموو کەس دەیزانی کە ژیانی سیاسیی ئەو پیاوە کۆتایی هاتووە. ئەو کاتە بێ پێچ و پەنا، مەلا بەختیار بووە بەشێک لە باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی بۆ قۆرخ کردنی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی تاڵەبانی و برایم ئەحمەددا.

بە درێژایی ئەو ساڵانە و تا مردنی مام جەلالیش، مەلا بەختیار یەکێک بوو لە نزیکترین و بگرە فەردێکی بنەماڵەی تاڵەبانی. تەنها هێرۆی برایم ئەحمەد، نەجمەدین کەریم و ئەو بوون کە مانگانە سەردانی نەخۆشخانەی چارێتییان دەکرد. ئەگەر ئەوێ ڕۆژێ مەلا بەختیار ڕاستگۆیانە گوتبای هیچ ئومێدێک بۆ گەڕانەوەی تاڵەبانی نییە، کۆنگرەیەکی بەپەلە کرابایە و جێگرەکانی تاڵەبانی دەسەڵاتیان گرتبایە دەست، قەت ئەوەی ئێستا ڕووی نەدەدا. بە پێچەوانەوە ئەوەندە دەستی دەستییان بەو مەسەلەیە کرد تا شیرازەی یەکێتی لەبەریەک هەڵوەشا.

ئەو بافڵەی ئەمڕۆ بەربۆتە ژیان، خاک و خەڵکی سلێمانی لە ۲۰۱۲ەوە کە دوای چەندین ساڵ لە دەرکردنی لە کوردستان توانی بگەڕێتەوە، ئەو کاتە مارمیلۆقێکی بچووک بوو. لە ناو قۆڵی کراسی مەلا بەختیار و بنەماڵەی بارزانیدا پەروەردە کرا و بوو بەو ئەژدیهایەی ئێستا! چوونکە ئەم جووتە برایە، بە پاڵپشتی و بێدەنگی نواندنی تێکۆشەرانی یەکێتی گەیشتنە ئەو ئاستەی کە بڵێن حزبەکە موڵی باوکیانە و بە میرات بۆ ئەوان بەجێماوە.

ئینجا بەوەش نەوەستان و خاک و خەڵکی سلێمانیشیان لەسەر خۆیان تاپۆ کرد، وەک ئەوەی ئەوانیش میراتی باوکیان بێ و لە ڕابردوودا لە دوورگەی واقواقڕا لەلایەن تاڵەبانییەوە هێندرابنە سلێمانی!

ئێستا بە پارتیشەوە، هەموو دەڵێی تازە خەبەریان بۆتەوە کە چ جانەوەرێکیان بەرداوەتە گیانی میللەتەوە!؟ بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ بافڵ دەیکات، بە دڵنیاییەوە سبەی بەرامبەر ئەوانی ماویشن دەیکات. ئەگەر ئەو رێڕەوە ئێستا ڕاست نەکرێتەوە، باجی ئەو مێژووە زۆر قورس دەبێ.

News Code 224036

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha