میتی تورکیا کوژرانی دوو چەکدار و بەرپرسێکی باڵای PKKی لە سلێمانی ڕاگەیاند

بەشی تورکیا- دەزگای هەواڵگریی تورکیا کوشتنی بەرپرسێکی باڵا و دوو چەکداری پەکەکەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا بەر لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکپارتی) لە پەرلەمان ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنی چنگ - قفڵ کە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان مۆڵگە و حەشارگەی چەکدارانی پەکەکەی کردووەتە ئامانج درێژەی دەبێت و هەرکات بەکۆتا هات، بە ڕای گشتیی ڕایدەگەیەنین.

ئەمەش لە کاتێکدایە دەزگای هەواڵگریی تورکیا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا عومەت فورات، بەرپرسی پەکەکە لە پارێزگای سلێمانی کە ناوی خوازراوی ئاندۆک تۆڵەهەڵدانە لەگەڵ دوو چەکداری دیکە پەکەکە بەناوەکانی هیدایەت ڕەسووڵی و عیرفان زەندی کە هەردووکیان خەڵکی کوردستانی ئێرانن، کوژراون.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) جەخت لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا و دەزگاکە لە دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا کراوەتەوە، کە ماوەیەکە پێکدادانەکانی سوپای توکیا لەگەڵ پەکەکە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان زیادبوونە کە بووەتە هۆی چۆڵ کردنی سەدان گوند و ناوچەی نیشتەجێ بوون.

News Code 223839

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha