فراکسیۆنی یەکێتی داوا لە بەغدا و هەولێر دەکات لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا ڕێگری بکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکات و داوا لە هەولێر و بەغدا دەکات بە هاوئاهەنگی، رێگری لەو پێشێلکارییانەی تورکیا بکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا باس لە ئۆپەراسیۆنی ئەم چەند ڕۆژەی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "بەداخەوە لەئەنجامی بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکە، زەرەر و زیانی زۆر بە رەز و باخی هاووڵاتییانی ناوچەکە گەیشتووە و ئەو دۆخە بووەتە مایەی بێزارکردنی خەڵک".

هەروەها دەڵێت: "ئێمە وەک فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نیگەرانیی قووڵی خۆمان دەردەبڕین. ئەم پێشێلکارییانە بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و سەروەریی عێراق شەرمەزار دەکەین. چونکە پاراستنی ئاسایشی وڵات و سەلامەتیی هاووڵاتیان دەخاتە ژێر مەترسییەوە. هاوکات پێشێل کردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە".

فراکسیۆنی یەکێتی داوا لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ رێگری لەو ئۆپەراسیۆنانەی تورکیا بکەن و دەڵێت "بێدەنگیی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم لەهەمبەر ئۆپەراسیۆنێکی وەها گەورەی تورکیا لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان، رەنگدانەوەی لەسەر متمانەی عێراق و هەرێمی کوردستان لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاووڵاتییانی دەبێت".

لە راگەیێندراوەکەدا، هۆکاری بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە؛ 'تائێستا عێراق نەیتوانیوە خۆی بەهێز بکات و وەڵامی ئەم جۆرە پێشێلکاریانە بداتەوە".

فراکسیۆنی یەکێتی هەروەها داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات، کەسوکاری شەهیدان و هاونیشتمانییانی زیانبەرکەوتووی ئەو ئۆپەراسیۆنانە قەرەبوو بکرێنەوە.

سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ڕووداو

News Code 223729

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha