بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نەوزاد هادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و سەرپەرشتیاری ڕێکخستنەکانی ئەو حزبە لە پارێزگای نەینەوا، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "ڕێککەوتنی شەنگال لە نێوان حکوومەتی هەرێم و عێراق ئەنجامدراوە و حکوومەت خاوەن دەسەڵاتە، بەڵام کۆمەڵێک ناوەندی بڕیار لە عێراق هەن و ڕێگری دەکەن."
لە مانگی ۱۰ ی ساڵی ۲۰۲۰، ڕێککەوتنانەی شەنگال لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ئەنجامدرا.
بەپێی وتەی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێککەوتنی شەنگال لە چوار بەشی سەرەکی پێکهاتووە، کە بریتین لە کارگێڕی، ئاسایش، ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنی ژێرخان و پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە نوێنەرایەتی هەردوو حکوومەتی هەرێم و عێراق بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
نەوزاد هادی دەڵێت: "بەپێی ڕێککەوتنی شەنگال، دەبێت هەموو هێزە چەکدارەکان دەربچن و دەسەڵاتی سەربازی ناو شار ڕادەستی پۆلیسی خۆجێی بکرێت."
بەرپرسانی هێزە شیعەکان ڕێککەوتنامەی شەنگال ڕەتدەکەنەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، ڕێککەوتنەکە هیچ بەهایەکی نییە و ڕێککەوتنامەیەکی مردووە، چوونکە لەلایەن خەڵکی شەنگالەوە ڕەت دەکرێتەوە.
نەوزاد هادی وتی: "ڕێککەوتنامەی شەنگال لە نێوان هەرێم و عێراق و بە ڕەزامەندی یۆنامی و هاوپەیمانان ئەنجامدراوە، دەبێت دەسەڵات ڕادەستی پۆلیسی خۆجێی بکرێت و ئاوارەکانیش قەرەبوو بکرێنەوە."
ناوبراو وتیشی: "ڕێککەوتنامەکە سیاسی نییە بەقەدەر ئەوەی لەبەرژەوەندی خەڵکی شەنگالە، بەڵام تا ئێستا ڕێگری هەیە لە جێبەجێکردنی."
لە ڕۆژی ۱۸ ی مانگی ۱۲ ی ساڵی ۲۰۲۳، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدرا، بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، ژمارەی کورسییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کەمیکرد.
مەکتەب سیاسییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوونیکردەوە، دەنگی حزبەکەی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا کەمینەکردووە، لەو هەڵبژاردنەدا ۱۴۱ هەزار دەنگییان هێناوە، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی ساڵی ۲۰۲۱ ی پەرلەمانی عێراق ۱۲۰ هەزار دەنگییان هێنابوو.
نەوزاد هادی دەڵێت: "یەک بازنەیی و سیستەمی سانتلیگۆ و بەرزی ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن وایکرد ئەو ژمارە کورسییە بهێنین لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا."
ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە ۲۹ کورسی پێکهاتووە، پارتی دیموکراتی کوردستان ۴ کورسی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ۲ کورسی ئەنجومەنەکەیان بەدەست هێناوە، هەروەها ئێزدی و کریستیان و شەبەکەیش خاوەنی سێ کورسی کۆتای ئەنجومەکەن.
نەوزاد هادی وتیشی: "لە هەموو هەڵبژاردنێکدا ڕێژەی بەشداری لە نەینەوا لە نێوان ۲۵ بۆ ۳۰% بووە، بەڵام ئەمجارەکە ڕێژەی بەشداری گەیشتە ۵۳%، ئەمە گۆڕانکاری لە ڕێژەی کورسییەکانی ئەنجومەنەکەدا دروستکرد."
هەروەها وتیشی، "ڕۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا سەر شەقامەکان قەرەباڵغ و ناو بنکەکانی دەنگدانیش خەڵکی زۆری تێدا نەبوو، تا ئێوارە ڕێژەی بەشداری ۲۳% بوو، بەڵام شەو کاتێک ڕێژەی بەشداری ڕاگەیەنرا گەیشتبووە ۵۳%، وەک خۆم پێموانییە ئەو ڕێژەیە ڕاست بێت".
Your Comment