مەکتەبی سیاسی پارتی داوای پابەندبوونی بەغدا بەرێككەوتنەكان دەكات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان-  بەسەرپەرشتیی مسعوود بارزانی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجام درا .

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە راگەیەندراوێكدا مەكتەبی سیاسی پارتی داوای لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی كەركووک و هەروەها پابەندبوونی بەغدا بەرێككەوتنەكان دەكات.

ڕاگەیاندراوی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان:
 


۱- رووداوەكانی كەركووک: دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێز محمد شیاع سوودانی بەگوێرەی مافی دەستووری و ڕێككەوتنی ئیدارەی ئیئتلافی دەوڵەت و كارنامەی كابینە، بڕیاری ڕادەستكردنەوەی بارەگاكانی پارتیمانی دەركرد، بەڵام دەسەڵاتدار و كاربەدەستانی كەركووک بۆ جێبەجێ نەكردنی ئەم بڕیارە هانی كۆمەڵێک خەڵكی گێرەشێوین و تێكدەریان دا و ئاستەنگیان بۆ جێبەجێ كردنی بڕیارەكە دروست كرد و ڕێگای هاتوچۆی خەڵكیان داخست بێئەوەی بەرپرسانی حكوومەت ڕێگایان لێبگرن، بەڵام كە ژمارەیەک خەڵكی دیكەی كەركووک لە هاووڵاتیانی كورد بەشێوەیەكی ئاشتییانە داوای كردنەوەی ڕێگاكەیان كرد كۆمەڵێک چەكدار لە پەنای دەزگا ئەمنیەكانی كەركووک بەبێ لەبەرچاوگرتنی داوای ڕەوای خەڵكەكە تەقەیان لێكردن و ژمارەیەک لاوی كورد شەهیدبوون و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون ئەمە لە كاتێكدا كە چەندین ڕۆژ ئەوانەی خۆیان هانیاندابوون لەو سەر جادە بوون هەتا داوای چۆڵكردنی ڕێگاكەشیان لێنەكردن. نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدەكان و داوای شیفای بە پەلە دەكەین بۆ بریندارەكان.

كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی داوا دەكات لیژنەیەكی بێ لایەن لە نوێنەرانی حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێم بۆ لێكۆڵینەوە لەم بابەتانەی خوارەوە پێک بێت:

• دیاری كردنی هۆكاری ئاستەنگ دروستكردن بۆ جێبەجێنەكردنی بڕیاری سەرۆک وەزیران.
• هاندەرانی ئاڵۆزیی و ڕێگەگرتن لە جێبەجێ كردنی بڕیاری سەرۆک وەزیران كە هەندێكیان پەرلەمانتار و بەشێكیشیان لە ئیدارەی كەركووک بەرپرسیارییەتیان هەیه،‌ دیاری بكرێن و بدرێنە دادگا.

• ئەو كەسانەی فەرمانی تەقەكردنیان دەركردووە كە بووە هۆی شەهیدكردنی ئەو هاووڵاتیانەی بە ئاشتیانە داوای كردنەوەی ڕێگایەكەیان كرد دەست نیشان بكرێن و بدرێنە دادگا.

• ئەو كەسانەی تەقەیان كردووە و بوونە هۆی شەهیدبوون و برینداركردنی هاوڵاتیانی بێ چەک، دیاری بكرێن و بدرێنە دادگا.

• لەسەر بنەمای ئەو لێكۆڵینەوانە بڕیاری قەرەبووكردنەوەی خانەوادەی شەهیدان و بریندارەكان بدرێت و هەروەها ئەو هاوڵاتیانەی زەرەر و زیانی ماددیان بەركەوتووە.
 
۲- سەبارەت بە پەیوەندی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ، دوای ئەوەی ئیئتلافی ئیدارەی دەوڵەت پێكهات و لەسەر بنەمای كۆمەڵێک بابەتی سیاسی و ئابووری ڕێككەوتن كرا، هەروەها كە ڕێككەوتن لەسەر كارنامەی كابینەی بەڕێز محەمەد شیاع سودانی كرا و لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەردرا بۆ جێبەجێ كردن، بەڵام بەداخەوە ماوەی (۹) مانگ بەسەر ئەم ڕێككەوتن و پێكهێنانی ئەم كابینەیە تێپەڕیوە، خاڵەكانی پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە جێبەجێ نەكراون و ڕێگری لە جێبەجی كردنیان دەكرێت، له ‌نێو خاڵەكانی ئەم ڕێككەوتنانەش ئەم بابەتانەی خوارەوە بەپێچەوانەوە جێبەجێ كراون یان هەر جێبەجێ نەكراون، وەكوو نموونە:
 
• یاسای بودجە، كاتێک كە حكوومەتی فیدراڵی پڕۆژە یاساكەی ئامادەكرد بەرێكەوتن لەگەڵ حكوومەتی هەرێم، پشكی هەرێم دیاری كرابوو، بەڵام لە ئەنجوومەنی نوێنەران سەرلەبەری ئەم پڕۆژە یاسایە گۆڕانكاری بەسەرداهات و غەدرێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان كرا، ئێستاش ئەوەی كە لە یاساكەشدا هاتووە جێبەجێ ناكرێت بەشێوەیەكی گونجاو كە ئەمەش غەدرێكی گەورەیە لە مووچەخۆرانی كوردستان بە تایبەتی و خەڵكی كوردستان بەگشتی.

• ڕادەستكردنەوەی بارەگاكانی پارتیمان دوای دەركردنی بڕیارەكە ڕێگای لێگیرا و ئاڵۆزییان دروستكرد.
 
۳- ‌ كۆبوونەوە لەسەر بنەمای ڕێككەوتنەكان داوا دەكات ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێبكرێن:

• ئیدارەدانی حكوومەت و بڕیار وەرگرتن، لەسەر بنەمای پڕەنسیپی (شەراكەت، تەوافوق و تەوازن) بێت و ڕۆڵی نوێنەری پێكهاتە سیاسییەكان بنەڕەتی بێت لە بڕیارە چارەنوسسازەكاندا.

• یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی وەک ئەوەی لە دەستووردا هاتووە و هەروەها لە بەرنامەی ئیئتلافی  ئیدارەی دەوڵەتدا هاتووە، بخرێتە بواری جێبەجێ كردن و یاساكە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەربچێت.

• پەلەكردن لە ئامادەكردنی پرۆژە یاسای نەوت و گاز بەگوێرەی ئەو ڕێككەوتنەی بەهاوبەشی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ كراوە بۆ ئامادەكردنی پرۆژە یاساكە و بۆ كۆتایی هێنان بەكاركردن بە یاسای پێشوو.

• بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان جیا بكرێتەوە و وەكوو هەموو فەرمانبەرانی عێراق مانگانە مووچەی خۆیان وەربگرن،  ئەم بابەتە تێكەڵاو نەكرێت لەگەڵ كێشەكانی دیكە و بە سیاسی نەكرێت.

• هەمواركردنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی وەكوو ئەوەی لە دەستووردا هاتووە و، جێبەجێ كردنی.

• پەلەكردن لە جێبەجێ كردنی رێككەوتنی شەنگال وەكوو بەرنامەی بۆ دیاری كرابوو بەپێی رێككەوتنی حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێم، هەر وەكوو لە بەرنامەی ئیدارەی ئیئتلافی دەوڵەت و كارنامەی كابینەی بەرێز محمد شیاع سودانیشدا هاتووە.

• گەڕانەوەی بارەگای پارتیمان و هێزە سیاسییەكانی دیكە لە پارێزگاكانی نەینەوا و كەركووک و دیالە بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكان بە ئازادی چالاكی سیاسی خۆیان ئەنجامبدەن.
 
۴- عێراق و ناوچەكە بە بارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێ لە عێراق قەیران لە دوای قەیران لە سەر یەک كەڵەكەبوون و، لە ڕاستیدا قەیران دەخولقێندرێ بۆ ئەوەی قەیرانێكی دیكەی پێ داپۆشرێ. بۆیە دەتوانین بەڕاشكاوی بڵێین لەم وڵاتەدا چارەسەری قەیران ناكرێ، بەڵكوو ئیدارەی قەیران و كێشەكان دەدرێ، بۆیە كوردستانیش لە بارودۆخێكی لەمشێوەیەی‌ عێراق و ناوچەكە بە قۆناغێكی هەستیار و گرنگدا تێدەپەڕێ. لە جیهاندا گۆڕانكاری زۆر و خێرا لە ئارادان  كە مەترسی و نیگەرانی بۆ قەوارەی هەرێم و مافەكانی خەڵكی كوردستان لەناو هەناوی ئەو قەیران و كێشانەی عێراق و گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ناوچەكە و جیهاندا هەیە، ئەم بارودۆخە خەمخۆریی پێویستە بۆ پاراستنی یەك پارچەیی قەوارەی هەرێم و دەستكەوتەكانی گەلەكەمان كە بە خوێن و خەبات  بەدەست هاتوون، بەرپرسیاریەتی سەرشانی پارتیمان و تەواوی لایەنەكانی دیكەی كوردستان گرانتر دەكات و بارودۆخەكە لێماندەخوازێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیران و ئاڵنگاریەكان و چارەسەركردنیان، پێداچوونەوە بە هەنگاو و بەرنامەكاندا بكرێت و بەرپەرچی سیاسەتی دابیننەكردنی مووچە و ئاستەنگ خستنە بەردەم پێشكەوتنی كوردستان بدرێتەوە و دەستوور جێبەجێبكرێت بە مادەی (۱۴۰)یشەوە.

لە كۆتایدا، جەماوەری تێكۆشەری كوردستان، یەک هەڵوێستی و یەكڕیزی هەموو لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی و خەڵكی كوردستان بەگشتی پێویستە بۆ دەربازبوون لەم قەیران و كێشانەدا بۆ دابین كردنی ژیانێكی شایستە بۆ گشت لایەک لە هەموو ڕوویەكەوە.

هەروەها داوا دەكەین خەڵكی بەشەرەفی كەركووک بە هەموو پێكهاتەكانییەوە پشوودرێژ و ئارام بن، ئەم بابەتانە پێویست دەكات لە رێگای یاسا و دادگاكانەوە چارەسەر بكرێن، ئاڵۆزی دروست نەكرێت و ڕێگا نەدەن تێكدەر و ئاژاوەگێڕ بارودۆخی شارەكە بشێوێنن و پێكەوەژیان پارێزراوبێت و ئاشتی كۆمەڵایەتی و سەقامگیری لە ئەولەویاتی هەموو كارەكاندا بێت.

News Code 222092

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha