سەرۆکی حکوومەتی هەرێم جەخت لە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال دەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەیەمین ساڵیادی جینۆساید کردنی کوردانی ئێزدیدا، جەخت لە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال دەکاتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی داگیرکردنی شەنگال  و جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدیدا پەیامێکی بڵاو کردەوە و دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەیە:

ئەمڕۆ ۱۰ ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی خوشک وبرایانی ئێزدی لە شەنگال و دەوروبەری تێدەپەڕێت، كە لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستانی داعش، هەزاران كەس لە دانیشتووانی دەڤەری شەنگال، کۆمەڵکوژ کران و دەیان هەزاری دیکەش بێسەروشوێن و ئاوارە بوون.

هەرچەندە ۱۰ ساڵ بەسەر ئەم تاوانە تێدەپەڕێت، بەڵام بە داخەوە ئيش و ئازار و مەینەتییەکانی خوشک و برایانی ئێزیدی کۆتایی نەهاتووە و هێشتاش ژمارەیەکی زۆریان بێسەرو شوێنن و بە هۆی خۆسەپێنی میلیشا و هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا لە شەنگال، دۆخی دەڤەرەکە ئاسایی نەبووەتەوە و ئاوارەکان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان".

لەم یادەدا، قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی لە ڕزگارکردنی شەنگال بەرز دەنرخێنین و بەڕێز و پێزانینەوە لێی دەڕوانین.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوامە لە هەوڵەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری شەنگال و دەوروبەری و کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دەکات بۆ ئەوەی زەمینە بۆ گەڕاندنەوەی سەربەرزانەی خوشک و برا ئێزدییە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان خۆش بکرێت. بۆیە جەخت لە جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شەنگال وەکو خۆی دەکەینەوە بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیریی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە و پاراستن و بەڕێوەبردنی دەڤەرەکەش بدرێتە دەست خەڵکی ڕەسەنی شەنگال.

لە کۆتاییدا سەری رێز و نەوازش بۆ شەهید و قوربانییانی کۆمەڵکوژی شەنگال و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.

News Code 223891

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha