چه‌ند زانیارییه‌کى تایبه‌ت ئاشکرایده‌که‌ن، په‌لامارى گرووپه‌کانى سه‌ر به شه‌رع، بە تۆپبارانی توندی ئەو دوو گەڕەکی نیشتەجێبوونە دەستیپێکرد بە بەکارهێنانی تۆپ و تانک و مووشەکەکانی گراد و هاوەنی قورس، لەگەڵ هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لەنێویاندا هەندێکیان لەلایەن خودی تورکیاوە هەڵدرابوون، به‌و هۆیه‌شه‌وه بووە هۆی داڕمانی بەشێکی گەورەی بیناکانی نیشتەجێبوون و کۆمه‌ڵکوژکردنى ئه‌وکه‌سانه‌ى نیشته‌جێى ئه‌و شوێنانه بوون، تیمی گەڕەکەکان و سەرچاوە ناوخۆییەکان وێرانکردنی دەیان ماڵیان دۆکیۆمێنت کردووە، هەروەها جه‌ختیشده‌که‌نه‌وه، زیانێکی زۆر بە دووکان و موڵکی تایبەت گەیشتوه و وێرانکارییه‌کى گه‌وره ڕوویداوه.
زانیارییه‌کان ده‌ڵێن، دیارترین ئامانجە مەدەنییەکان نەخۆشخانەی عوسمان و نەخۆشخانەی خالد فەجر بوون، تۆپبارانی ڕاستەوخۆ هۆکاربوو بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و دوو دامەزراوە پزیشکییە گرنگە له‌کاربکه‌ون و نه‌توانن هیچ خزمه‌تێک پێشکه‌شى برینداران بکه‌ن، به‌و هۆیه‌شه‌وه قەیرانی مرۆیی زیاتر بوو، بەتایبەتی بەلەبەرچاوگرتنی کەمی سەرچاوەی پزیشکی بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان‌و دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکانی دانیشتوان.
ئاوارەبوونی زۆرەملێ و ڕفاندنی بەکۆمەڵ
هه‌ر له‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست که‌وتوون، جگە لە بۆردوومانە زۆر توندەکانى چه‌کدارانى شه‌رع، په‌لاماره سەربازییەکە ئاوارەی زۆرەملێی دانیشتوانی گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەى لێکه‌وته‌وه، لەژێر هەڕەشەی چەک و بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنیی، هەزاران خێزان ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و بەدوای ناوچه‌یه‌کى ئارام و سه‌لامه‌تدا بگه‌ڕێن.
چالاکوانان و سەرچاوە خۆجێییەکان باسیان لەوەکردوە، چه‌کداره‌کانى شه‌رع سەدان هاوڵاتیی کوردیان ڕفاندووە و لەناوەندەکانی دەستبەسەرداگرتن ژنان و منداڵانیان لەپیاوان جیاکردوه‌ته‌وه، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کیش ده‌ڵێن، ژنان براونه‌ته مزگه‌وته‌کانى شاره‌که‌وه، به‌ڵام هۆکاره‌که‌ى نازانرێت، لاى خۆیشیه‌وه ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕفاندنی زیاتر لە 300 هاوڵاتی مەدەنی ئاشکرا کردوه‌و ده‌ڵێت: "ورده‌کاریى ئه‌و ڕفاندنانه دۆکیۆمێنت کراوه".
چالاکانى مه‌ده‌نى ڕه‌خنه‌ى توند ئاراسته‌ى کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌که‌ن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ى له‌و دوو گه‌ڕه‌که کوردیه‌ى شارى حه‌له‌ب ڕوویداوه له‌لایه‌ن شه‌رع و گرووپه‌کانیه‌وه، ئه‌وان جه‌ختده‌که‌نه‌وه: "ئه‌وه‌ى بینراو تائێستاش به‌رده‌وامه، هاوشێوەی ئه‌و تاوانه‌یه که گرووپى تیرۆریستى داعش له شنگال دژى کوردانى ئێزدى ئه‌نجامیدا، ئه‌وانیش ڕفاندنى به‌کۆمه‌ڵیان ئه‌نجامدا و شه‌رعیش دووباره‌ى کرده‌وه".
به‌وته‌ى چالاکان، "ئەو پێشێلکاریانە تەنها پەیوەندییان بەململانێیەکی چەکدارییەوە نییە، بەڵکوو درێژدەبێتەوە بۆ بەئامانجکردنی سیستماتیکی گرووپێکی نەتەوەیی دیاریکراو، ئەمەش ترسی پاکتاوی نەتەوەیی زیاد دەکات کە خەڵکی مەدەنی بەپشتبەستن بەناسنامەی نەتەوەیی خۆیان بکەنە ئامانج".
هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و داوای لێپرسینەوە
سەرەڕای ئەو وێرانکارییەی کە بەسەر ئەو دوو گەڕەکەدا هاتووه و سه‌رجه‌م تاوانه‌کانیش له‌لایه‌ن ڕێکخراوه‌کان و چالاکوانانه‌وه تۆمار کراوه، تائێستا کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌ئاستیدا هه‌ڵوێستێکى زه‌لالى نییه و شه‌رمنانه ماوه‌ته‌وه، ئەمەش وایکردوە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکانی مافی مرۆڤ بەئاشکرا داوای لێپرسینەوە لە شه‌رع و حکوومەت و گرووپه‌کانى بکه‌ن، لەڕووی یاساییەوە لەبەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکان.
چاودێران ئاماژه به‌وه‌ده‌که‌ن، "ئەوەی لە حەلەب ڕوودەدات، یەکسانە بەپێشێلکارییەکی قورس لەیاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی چوار ڕێککەوتننامەی ژنێڤ کە هاوڵاتیانی مەدەنی و بریندارەکان و کارمەندانی پزیشکی لەشەڕی چەکداریدا دەپارێزن".
ئه‌وه‌ش ده‌ڵێن، "ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەکاتی جەنگدا بەئاشکرا بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و دامەزراوە سەرەکییەکانی وەک نەخۆشخانە و قوتابخانە قەدەغە دەکات، به‌ڵام له ئه‌شره‌فیه و شێخ مه‌قسوود به‌ئاشکرا و به‌به‌رچاوى هه‌موو دونیاوه ڕوویدا و هیچ ده‌وڵه‌تێکى ئه‌ورووپى ڕۆژئاوایى هه‌ڵوێستى نه‌بوو".
چالاکوانان باس له‌وه‌شده‌که‌ن، به‌گوێره‌ى یاسا نێودەوڵەتییەکان سێ پرسى سه‌ره‌کى هه‌یه کە دەتوانرێت لەچوارچێوەی ئەوەی ڕوویداوە، به‌تاوان له‌سه‌ر شه‌رع و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ى هەژمار بکرێت، ئه‌وان ده‌ڵێن:
تاوانەکانی جەنگ:
بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی خەڵکی مەدەنی و کەلوپەلی مەدەنی، وەک ماڵ و نەخۆشخانە، تاوانێکی جەنگ پێکدەهێنێت، ئه‌ویش به‌گوێره‌ى مادەی هەشتەمی پەیڕەوی ڕۆمای دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، کە هێرشی بەئەنقەست بۆسەر دانیشتوانی مەدەنی و ژێرخانی مەدەنی بەتاوان دەزانێت.
بەکارهێنانی چەکی نادروست یان کەمتەرخەمییەکی گەورە کە زیانێکی بەرفراوانی ناڕێژەیی لەگەڵ ئامانجە سەربازییە گوماناوییەکەدا دەگەیەنێت، بنەماکانی جیاکاریی و ڕێژەیی به‌گوێره‌ى یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان پێشێلدەکات.
تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی:
ئاوارەبوونی زۆرەملێی دانیشتوان، ڕفاندنی بەکۆمەڵ و مامەڵەی نادروست و سووکایه‌تى پێکردن یان زیانگەیاندن کە بەسەر گرووپێکی مەدەنیدا دەسەپێنرێت لەسەر بنەمای پەیوەندییە نەتەوەییەکانی، تاوانی دژی مرۆڤایەتی پێکدەهێنن به‌گوێره‌ى مادەی حەوتەمی یاسای ڕۆما کە "گۆشەگیریی"و "بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ" قەدەغە دەکات.
پاکتاوکردنی نەتەوەیی:
لەکاتێکدا کە پەیڕەوی ناوخۆی ڕۆما بەڕوونی پێناسەی پاکتاوی نەتەوەیی نەکردوە، بەڵام بەئامانجگرتنی گرووپێکی دیاریکراو لەسەر بنەمای ناسنامەکەیی و ئاوارەبوونی زۆرەملێ لە ماڵەکانیان بەهۆکاری تیرۆریستی یان جیاکاریی، لەگەڵ چەمکەکانی یاسای نێودەوڵەتیدا تێکەڵدەبێت.
داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ پێیانوایە، "بەڵگەنامەکردنی ئەم پێشێلکاریانە پێویستە لەگەڵ داواکاری فەرمیی بۆ دامەزراندنی کۆمسیۆنێکی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی بێت و پێشکەشی نەتەوەیەکگرتووەکان بکرێت، یان بەناوی تاوانبارانی تایبەتەوە ڕەوانەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بکرێت".
ژماره‌یه‌ک لەشارەزایانى یاسایى-ش، بەئامانجگرتنی نەخۆشخانەکان بەدوو تاوان دەزانن، چونکە ڕاستەوخۆ ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی و نەخۆشەکان دەخاتە مەترسییەوە و پێشێلکردنی "پاراستنی کەلوپەلی مەدەنی" پێکدەهێنێت، کە بنەمایەکی بنەڕەتی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە.
لەنێوان بێدەنگی و لێپرسینەوە
ئەوەی لەگەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ڕوویدا، به‌بۆچونى چالاکوانان، تەنها ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نەبووه، بەڵکوو پێشێلکارییەکی سیستماتیکی بوو کە بریتی‌بوو لە بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی خەڵکی سڤیل و لەناوبردنی ژێرخانی مەدەنی و ئاوارەبوونی زۆرەملێ و ڕفاندنی بەکۆمەڵ.
ئه‌وه‌ش ده‌ڵێن، "لەژێر ڕۆشنایی ئەم ڕاستیانەدا، پێویسته لایه‌نه نێودەوڵەتییەکان هه‌رچى زوه لێپرسینەوە لەئەنجامدەرانی ئەو تاوانانە ئه‌نجامبده‌ن بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی، چونکە بێدەنگیی نێودەوڵەتی، نەک هەر شکستدەهێنێت لەڕێگریکردن لە پێشێلکارییەکان، بەڵکوو هۆکارێک ده‌بێت بۆ به‌رده‌وامبوونى تاوانه ڕێکخراوه‌کان".
Your Comment