بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عەرەبی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەموو پێگە سەربازییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) لە ناو گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ئامانجی سەربازی شەرعین بۆ سوپای عەرەبی سووریا، ئەوەش دوای "پەرەسەندنی بەرچاوی گرووپەکە بەرەو گەڕەکەکانی حەلەب و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکی زۆر لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی".
سوپای سووریا ئاماژەی بەوەشکرد: "داوا لە دانیشتوانی مەدەنی لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب دەکەین دەستبەجێ لە پێگەکانی هەسەدە دوور بکەونەوە و دوو ڕێڕەوی مرۆیی سەلامەتیش ڕادەگەیەنین کە بریتین لە (دەروازەی العوارز و دەروازەی شەقامی ئەلزهور) کە لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکە ناسراون، تاکوو کاتژمێر ۳:۰۰ـی پاشنیوەڕۆ". ئەوەش بەگوێرەی ئاژانسی سانای سەربە حکوومەتی سووریا.
ئەوە لەکاتێکدایە کە نیوەڕۆی دوێنی سێشەممە، گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە و بەنی زەید لە حەلەب، ڕووبەڕووی هێرشی توند و بۆردوومانی هەڕەمەکی بە چەکی قورس، تۆپ و مووشەک لەلایەن گرووپەکانی حکوومەتی کاتی بوونەتەوە کە ڕاستەوخۆ ماڵی هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەنە ئامانج و هێزەکانی ئەو دوو گەڕەکەش بە توندی وەڵامیان داونەتەوە.
Your Comment