بەهۆی سەرهەڵدانەوەی پشێوییەکانەوە ۱۹۰ هەزار کەس لە حەلەب ئاوارە بوون

لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاماری ئاوارەبوونی ۱۹۰ هەزار هاووڵاتی لە شاری حەلەب بەهۆی سەرهەڵدانەوەی پشێوییەکانەوە؛ نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە لایەنەکان دەکات بەپەلە ڕێڕەوێکی سەلامەت بۆ دەرچوونی هاووڵاتییان بکەنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ستیفان دوجارێک، وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانیی خۆی لەبارەی دۆخی شاری حەلەب دەربڕی و ڕایگەیاند، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە دۆخێکی مرۆیی سەخت دروست بووە.

دوجارێک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد: ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی حەلەب دەکەین و لەگەڵ گشت لایەنە پەیوەندیدارەکاندا لە پەیوەندیداین. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان قوربانی و بریندارێکی زۆر لە شارەکەدا هەن و پێویستییەکی هەنووکەیی بۆ پاراستنی خەڵکانی سڤیل و ژێرخانی شارەکە هەیە.

سەبارەت بە ئاماری ئاوارەکان، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: هاوبەشەکانمان ئاگاداریان کردووینەتەوە کە نزیکەی ۱۹۰ هەزار هاووڵاتی بەهۆی سەرهەڵدانەوەی پشێوییەکانەوە لە حەلەب ئاوارە بوون، لە ئێستاشدا کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران (UNHCR) و هاوبەشەکانیان هاوکاری بەسەر ئەو خەڵکەدا دابەش دەکەن.

لە کۆتاییدا ستیفان دوجارێک داوای لە هەموو لایەنەکان کرد ئاسایشی خەڵکە مەدەنییەکە بپارێزن و جەختی کردەوە: پێویستە ڕێوشوێنی بەپەلە بگیرێتە بەر بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی سەلامەت بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت ناوچەکە جێبهێڵن.

News ID 226734

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha