گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە هەڵەبجە بۆ پشتگیری لە کوردەکانی سووریا بەڕێوەچوو

وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەو هێرش و پەلامارانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کرانە سەر کوردانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە پارێزگای حەلەب، گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەچوو.

کوردپرێس: ئەمڕۆ دووشەممە، ۱۲ـی کانوونی دووەمی ۲۰۲۶، لە میانی بەڕێوەچوونی گردبوونەوەکەدا، نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان۲۴ وتی: "پەیامی ئێمە، پەیامی یەکدەنگی و هاودەنگیی هەرچوار پارچەی کوردستانە. بە خوشک و براکانمان لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود دەڵێین کە ئێمە لەگەڵتانین و پشتیوانتانین".

پارێزگاری هەڵەبجە ئیدانەی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی کرد کە بەرامبەر بە کورد ئەنجام دەدرێت و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەپەلە بێنە سەر هێڵ بۆ ڕاگرتنی ئەو پەلامارانە.

نوخشە ناسیح وتیشی: "کورد بەدرێژایی مێژوو تەنها پارێزگاری لە خاکی خۆی کردووە و قەت هێرشی نەکردووەتە سەر خاکی کەس، بۆیە ئێمەش بەتوندی ڕووبەڕووی ئەم توندوتیژییە دەبینەوە و ئامادەشین بە شێوەیەکی مەدەنی بێت یان هەر شێوەیەکی دیکە، بچینە ئەوێ بۆ پارێزگاریکردن لێیان."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، پارێزگاری هەڵەبجە جەختی لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی کورد و هێزە نێودەوڵەتییەکان کردەوە و ڕایگەیاند: "پێویستە کار بۆ ڕاگرتنی ئەم دۆخە بکرێت، بەڵام هیوادارین ڕاگرتنەکە کاتی نەبێت، بەڵکو چارەسەرێکی بنەڕەتی بێت تاوەکو جارێکی دیکە خوێنی کورد نەڕژێت."

یەکێکی دیکە لە خۆپیشنادەران دەڵێت: بەداخەوە ئەوەی لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕوویدا، کارەساتێکی جەرگبڕبوو، بۆیە پشتیوانی خۆم بۆ کوردانی حەلەب دووپات دەکەمەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت ئێمە کارێکی وابکەین جیهان بێتە سەر هێل، تاوەکوو جارێکی دیکە هیچ هێزێکی داگیرکار بوێری ئەوە نەکات هێرش بکاتە سەر کورد.

News ID 226730

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha