کوردپرێس:
ماڵپەڕی پەرەگراف بڵاوی کردەوە بەپێی نووسراوێکی فەرمیی قاسم ئەعرەجی کە ١٩ی ئەم مانگە ئاڕاستەی وەزارەتی کۆچ کراوە، ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی بەندەکانی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێرانە.
هەرهەمان ڕۆژ ئیڤان فائیق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق وەڵامی نووسراوەکەی قاسم ئەعرەجی داوەتەوەو لاریی نەبووە لەو داوایە و تەرخان کردنی کەمپی سورداش بۆ ئەو مەبەستە.
هەرلە ١٩ی مانگدا قاسم ئەعرەجی لەگەڵ وەزیری کۆچ و کۆچبەران کۆبووتەوە و ئەعرەجی لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک وێنەکانی کۆبوونەوەکەی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت، کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردن بووە لەسەر ئەو پاڵپشتییانەی کە وەزارەتەکە پێشکەشی کردووە بۆ کارەکانی لیژنەی باڵای ئەمنیی بۆ چاودێریی جێبەجێ کردنی ڕێکەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران.
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی بە پەرەگرافی وت "نووسراوەکەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق تایبەتە بە نیشتەجێ کردنی لایەنە ئۆ پۆزسیۆنەکانی ئێران کە لە زڕگوێزن لە کەمپی سورداش".
نووسراوەکەی قاسم ئەعرەجی
وەڵامەکەی وەزیری کۆچ و کۆچبەران
شایانی باسە هەریەکە لە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە)، حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردسانی ئێران کە ئۆپۆزسیۆنی چەکداری ئێرانن بارەگایان لە زڕگوێزە.
ڕێکەوتننامەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران کە مانگی سێی ساڵی ڕابردوو لە نێوان هەردوو وڵات و بە ئامادەیی وەزیری ناوخۆی هەرێم واژۆ کرا، سەرەکیترین خاڵی چەککردنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو خاکی هەرێم و نیشتەجێ کردنیانە لە کەمپدا.
پێشتر ئێران بە پاساوی بوونی هەڕەشەی "گرووپە چەکدارییە جوداخوازەکان" لە سنوورەکانەوە بۆ سەر وڵاتەکەی، بە بەردەوامی تۆپبارانی هەرێمی کوردستانی کردووە. لە مانگەکانی کۆتایی ۲۰۲۲ـدا هێرشەکانی چڕ کردەوە و چەند جارێک بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی لە قووڵایی خاکی هەرێمدا بە مووشەکی بالیستی و درۆنی بۆمبڕێژکراو کردە ئامانج.
Your Comment