حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگر نییە لە گەڕانەوە ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژە دا بە بوونی ۱۵۷ هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستان و جەختی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرگیز ڕێگری نەکردووە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان بەڵام هەلومەرجەکە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان گونجاو نییە.

کوردپرێس

لێشاوی هاتنی پەنابەران بۆ ناو هەرێمی کوردستان لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر بەشێک لە عێراق و سووریا زیاتر بوو و تا ئێستاش بەشێکی زۆر لەو ئاوارانە لە کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان جێگیرن. ژمارەی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ١٥٧ هەزار کەسە، کە لە ٢٣ کەمپ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان نیشتەجێ کراون. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا حکوومەتی فیدراڵی عێراق بڕیاری دا کە ئەو ئاوارانە بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان. بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێی وایە هێشتا زەمینە گونجاو نییە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و دەڵێت گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە پێویستی بە دروستکردنی زەمینەیەکی گونجاو هەیە. دژایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لە حاڵێکدایە کە زیاتر لە ۸۰%ی خەرجییەکانیان لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمدایە و ساڵانە پێویستی بە خەرج کردنی بوودجەیەکی ۸۰۰ ملیۆن دۆلاریە.

ڕزگار ئەژی گۆران، بەرپرسی پێشووی هەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری سلێمانی لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا وەڵامی پرسیارێکی دایەوە لەبارەی هۆکاری دژایەتی حکوومەتی هەرێم بۆ گەڕانەوە ئاوارەکان و وتی: لە ڕاستیدا هاتنی ئەم هەموو پەنابەرانە بۆ هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا بوو کە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی شەڕی داعش بووەوە و هەروەها هەرێمی کوردستان ڕێگریی لێکرا لە ناردنی نەوت بۆ دەرەوە هەروا حکوومەتی فیدارڵی عێراق مووچە و بووجەی هەرێمی کوردستانی بڕی و قووتی خەڵکی بڕی. واتا لە کاتێکدا ئێمە ئەم بارگرانییەمان بۆ دروست بوو کە خۆمان لەژێر بارێکی گرانی ئابووریدا ئەمانناڵاند. بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا چوونکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە سیاسەتێکی پێکەوە ژیانی ئاشتییانەی هەیە و بە هانای دۆست و بە هانای لێقەوماو و هەژار و دەربەدەر و ئاوارەکانەوە ئەچێت حەتمەن ئەم سیاسەتەی پارتی لە تەمەنی پارتیدا کە ۷۸ ساڵ دەبێت لە توێی بەرنامە و ڕا و بۆچوونی یا کار و کردەوە و چالاکیی حکوومەتی هەرێمیشدا ڕەنگی داوەتەوە. بە هیچ شێوەیەک قبووڵمان نییە کە پەنابەرێک بێتە ئێرە و ئێمە ڕێگەی لێ بگرین یا بڵێین وەرت ناگرین.

ئەڵبەتە وەرگرتنی پەنابەران زەختێکی زۆری لە مەسەلەی دارایی خستە سەر ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بارگرانییەکی زۆری بۆ درووست کرد، ڕاستە ئەو سازمانە نێودەوڵەتییانەی کە هاوکاریی لێقەوماوان دەکەن تا ڕادەیەک هاتنە سەر خەت و هاوکارییان کرد بەڵام ئەو هاوکارییانەش هێشتا بەو ئەندازەیە نەبوو کە باری گرانی حکوومەتی هەرێم سووک بکات.

ناوبراو وتیشی: ئێستاش کە خۆتان ئەزانن ئەم خەڵکە بەهۆی شەڕ و شۆڕ و ناسەقامگیریی ناوچەکەیانەوە ماڵیان فەوتاوە و ماڵیان تاڵان کراوە و ڕووخاوە یا سووتێنراوە و هەروەها خەڵکیان لێکوژراوە و خەڵکیان لێبراوە و ون بووە لەبەرچاویان و دیار نەماون، ئەم خەڵکە هیچ کاتێک حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەو بارگرانییە کە لەسەر شانیەتی زۆریان لێناکات. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەیە کە ئاوارەکان بە کەرامەت و سەربەرزی و بەخواست و ئارەزووی خۆیان بگەڕێنەوە نەک زۆریان لێبکرێت، بەڵام پرسیارەکە لێرەیە کە ئایا لە ڕووی ئەمن و ئاسایشەوە ئەو ناوچانە کە پەنابەران بۆی دەگەڕێنەوە ئەمن و ئاسایشی بۆ گەڕاوەتەوە؟ ئایا مەترسیی داعش لەوێ هەر بەردەوام نییە؟ ئایا وەکوو پێویست قەرەبوو کراونەتەوە و ماڵ و حاڵیان بۆ گەڕاوەتەوە؟

ڕزگار ئەژی گۆران جەختی کردەوە: پەنابردنە بەر هەر وڵات و ناوچە و هەرێمێک لە دونیای یاساییدا و لە جیهاندا بە یاسای نێودەوڵەتی ڕێکخراوە، لە هەمان کاتدا ئەو وڵاتەی کە پەنابەران پەنای بۆ دەبەن یاسای ئەو وڵاتەش ئەیانگرێتەوە کە بە چ جۆرێک تەعامول لەگەڵ ئەو پەنابەرانەدا دەکات. ئێوە ئاگادارن لەدوای هێرشی داعش و بۆ سەر ناوچەکانی شەنگال و مووسڵ و دەوروبەری هەولێر و تەنانەت بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد ئەمانە لە زمانی عەرەبیدا پێیان دەڵێن "نازحین" نەک "لاجئین" واتا ئەم کەسانە ڕەویان کردووە، یان کۆچیان کردووە نەک پەناهەندە بووبن. بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا بەهۆی کێشە و گیر و گرفت و شەڕوشۆڕی سووریاشەوە خەڵکێکی زۆری وڵاتی سووریا بەتایبەت کوردەکان ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد لە ئێستادا ئەوەی کە ئێمە ئاگادارین ۱۵۷ هەزار پەناهەندە هەیە لەم هەرێمە کە لە ۲۳ کەمپ نیشتەجی کراون.

ئەم ئەندامەی پارتی دیموکرات جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان ڕێگری نەکردووە لە گەڕانەوەی پەنابەران و کۆچبەران و وتی: سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی هەر ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و هەروەها لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەتەوە و قسە لەسەر ئەوە کراوە کە تەنانەت ئێمەیش بەپێی یاسایەک بتوانین کاروباری پەنابەران ڕێکبخەین و لە کوردستاندا ئەبێت ئەم بابەتانە ڕێکبخرێت و بە هیچ شێوەیەک ڕێگیر نین لە گەڕانەوەی پەناهەندەکان بەڵام پێمان وایە ئەو گەڕانەوەیە نابێت بە زۆرە ملێ بێت، وەکوو چۆن بە زۆرە ملێ لەسەر خاک و ماڵ و زێدی خۆیان ئاوارە کران و دەربەدەر بوون و زەرەری مادی و ڕۆحییان کرد ئێمە نامانەوێت بە دڵشکاوی و بە زەرەرێکی ترەوە ڕوو لە ناوچەکانیان بکەنەوە. ئێمە پێمان وایە ئەوان ئازادن لە گەڕانەوەیان بەڵام ئەم کێشانە هەیە کە ئاماژەی پێدرا و لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان  لەگەڵ ئەمریکییەکان و هاوپەیمانان حکوومەتی فیدارڵی عێراق باس کراوە و بەردەوام لەهەوڵی چارەسەر کردنی کێشەکانیانداین.

News Code 223777

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha