بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی ئهمڕۆ یهکشهممه لە ڕاگەیەندراوێکدا وهڵامی یهکێتیی دایەوە و باسی لهوه کردوه، "لە یادی ۱۰ ساڵەی کارەساتی شەنگالدا، مەکتەبی سیاسی یەکێتی پەیامێکی بڵاو کردوەتەوە و تێیدا فرمێسکی تیمساحانەی بۆ کەسوکاری قوربانییانی ئەو کارەساتە ڕشتووە و هەوڵی داوە ئەو کارەساتە نیشتیمانی و نەتەوەییە بۆ مەرامە بەرتەسکە سیاسیە و حزبییەکانی خۆی بقۆزێتەوە و ڕاستییەکانی ئەو کارەساتە بشێوێنێت".
ئاماژهی بهوهش کردووه، هەموو خەڵکی کوردستان و تێکۆشەر و خەباتگێڕان و هێزی هاوپەیمانان شاهیدی ئەوەن کە "ئەوەی لە شەنگالدا خوێن و قوربانی و زیانیدا، پارتی بووە، لە خەمێکی گەورەی نیشتیمانی وەک کارەساتی شەنگال، پارتی وەک هەموو جار، بە تەنها مایەوە و بە تەنها شانی دایەبەر بەرپرسیارێتی، چ لە پەنادانی ئاوارەکان، چ لە ڕزگارکردنی ڕفێندراوەکان و هەروەها ڕزگارکردنی دەڤەری شەنگال لە دەستی داعش".
پارتی ههروهها دهڵێت: "جیهان شاهیدە پێشمەرگەی پارتی چۆن بەرگریی کردووە و چۆن ئەفسانەی داعشی شکاندووە، مێژویەکی زۆر کۆن نییە، گەلی کوردستان باش لە یادیەتی بۆ تۆمارکردنی داستانی گەورە لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردنی سەددی مووسڵ و ئازادکردنی ڕەبیعە و ئازادکردنی زومار و شکاندنی ئابڵۆقەی چیای شەنگال و دواجاریش ڕزگارکردنی شەنگال لە دەستی تیرۆریستانی داعش، سەدان شەهید و برینداری بەخشی".
له ڕاگهیهندراوهکهی پارتیدا هاتووه، "موزایەدات و ڕشتنی فرمێسکی تیمساح بۆ ئێزیدیەکان و چەواشەکاری هیچ لە وێنەی ڕاستییەکان ناگۆڕێت، بە تایبەت کە ئەو موزایەداتە لەلایەن ناپاک و کاڵفامەکانەوە بێت، وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە ئەوەی لە خەمی شنگالە و خاوەنی شنگالە و ئاوێتەیە لەگەڵ ژان و ئازاری خوشک و برایانی ئێزیدی تەنها پارتی بووە و هەر پارتی دەمێنێتەوە".
شایانی باسە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی لە یادی ۱۰ ساڵەی کارەساتی شەنگالدا پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاندبوو: ڕا کردن و کەمتەرخەمی هێزی پارتی فەرمانڕەوا کەمترین دەرفەتی بۆ بەرەنگاریی و پارێزگاریی هێشتەوە.
Your Comment