پارتی لە نیوەشەودا و بەدزییەوە خەڵکی شەنگالیان جێهێشت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەڵێت هێزەکانی پارتی لە نیوەشەودا و بەدزییەوە خەڵکی شەنگالیان بۆ دڕندەکانی داعش جێهێشت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەعدی ئەحمەد پیرە لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەکانی شەنگالدا بە رۆژنامەنووسانی وت: "هێزەکانی پارتی ئاگاداری حەجمی هێرشەکە بوون بۆ سەر شەنگال، لەگەڵ ئەوەی بەرگرییان نەکرد، دەبوو ئاگاداری خەڵکی شەنگال بکەنەوە کە خۆیان بپارێزن، بەنیوەی شەو خەڵکەکەیان جێهێشت وەکوو نێچیرێکی بێ دەرەتان و بێ بەرگری لەبەردەم دڕندەکانی داعش".

وتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەش دا: "هێزەکانی پارتی هۆکار بوون بۆ ئەو ڕووداوە، چوونکە خەڵکەکە لە ناوچەکەیان مانەوە لەسەر بنەمای ئەوەی بڕوایان وابوو کە ئەو هێزە دەیانپارێزێت و رێگری دەکات لە هەر دەستدرێژی و پەلامارێک، بەڵام ئەو هێزە لە نیوەشەودا و بەبێ ئاگاداری کەس و بەدزییەوە پاشەکشەیان کرد و خەڵکی شەنگالیان بە گەورە و بچووکەوە بۆ دڕندەکانی داعش جێهێشت".

ناوبراو وتیشی: "زۆر جار هەموو لایەکمان لەناو هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو بابەتە هاتووینەتە دەنگ و بڕیاری ئەوە هەبوو کە لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لەو بەرپرسانەی کەمتەرخەم بوون لە بەفەتارەتدانی خەڵکی شەنگال، بەداخەوە تا ئەم ساتەش هیچ کەس نازانێت ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە چی بوو".

سەعدی پیرە هێمای بۆ ئەوەش کرد: "پێموایە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بڵاو بکرێتەوە زۆر باشترە لەوەی کە فرمێسکی تیمساحی بۆ قوربانیانی شەنگال بڕێژین و خۆمان بە دڵسۆزی خەڵکی شەنگال بزانین".

وتەبێژی یەکێتی پێی وایە پاراستنی ئێزیدییەکان، پێویستی بە بڕیارێکی نێودەوڵەتی هەیە لەو مەترسیانەی کە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا ڕووبەڕوویان ببنەوە، چوونکە وەک ئەو وتی، لە هیچ سەردەمێکی عێراق و لە سەردەمی هەرێمی کوردستانیشدا نەتوانراوە ئێزیدییەکان بپارێزرێن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەعدی پیرە، رێککەوتننامەی شەنگالی بە "ڕێککەوتننامەیەکی گوماناوی" ناوبرد و وتی: "ڕێککەوتننامەی شەنگال وەکوو ئەوە وایە جارێکی تر، مەڕەکان ڕاسپێریت بە گورگ تا بیانپارێزێت".

جەختیشی کردەوە کە لەو ڕووەوە یەکێتی لەسەر شێوازی پاراستنی ئێزیدییەکان بەهیچ ڕێککەوتنێک ڕازی نابێت "ئەگەر لەسەدا 100 دڵنیا نەبێت لەوەی کە ڕێککەوتنەکە تەنیا بۆ پاراستنی بوون و مانەوەی ئێزیدییەکانە".

News Code 223898

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha