بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی داگیرکردنی شەنگال و جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدیدا پەیامێکی بڵاو کردەوە و دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەیە:
ئەمڕۆ ۱۰ ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی خوشک وبرایانی ئێزدی لە شەنگال و دەوروبەری تێدەپەڕێت، كە لە ئەنجامی هێرش و پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستانی داعش، هەزاران كەس لە دانیشتووانی دەڤەری شەنگال، کۆمەڵکوژ کران و دەیان هەزاری دیکەش بێسەروشوێن و ئاوارە بوون.
هەرچەندە ۱۰ ساڵ بەسەر ئەم تاوانە تێدەپەڕێت، بەڵام بە داخەوە ئيش و ئازار و مەینەتییەکانی خوشک و برایانی ئێزیدی کۆتایی نەهاتووە و هێشتاش ژمارەیەکی زۆریان بێسەرو شوێنن و بە هۆی خۆسەپێنی میلیشا و هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا لە شەنگال، دۆخی دەڤەرەکە ئاسایی نەبووەتەوە و ئاوارەکان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان".
لەم یادەدا، قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی لە ڕزگارکردنی شەنگال بەرز دەنرخێنین و بەڕێز و پێزانینەوە لێی دەڕوانین.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دووپاتی دەکاتەوە کە بەردەوامە لە هەوڵەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی نالەباری شەنگال و دەوروبەری و کار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دەکات بۆ ئەوەی زەمینە بۆ گەڕاندنەوەی سەربەرزانەی خوشک و برا ئێزدییە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان خۆش بکرێت. بۆیە جەخت لە جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شەنگال وەکو خۆی دەکەینەوە بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیریی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە و پاراستن و بەڕێوەبردنی دەڤەرەکەش بدرێتە دەست خەڵکی ڕەسەنی شەنگال.
لە کۆتاییدا سەری رێز و نەوازش بۆ شەهید و قوربانییانی کۆمەڵکوژی شەنگال و گشت شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.
Your Comment