بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ NRT رایگەیاند: نزیکەی هەفتەیەک دەبێت هیچ رووداوێکی کوشتن لە ناو شاری سلێمانی ڕووینەداوە.
ناوبراو هاوکات، ڕەتیشیکردەوە کوشتنی بەرپرسەکەی پەکەکە لە ناوشاری سلێمانی بووبێت.
لەلایەکی دیکەوە، لەسەر هەواڵی کوژرانی بەرپرسەکەی پەکەکە ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، هیچ زانیارییەکى لەو جۆرەیان پێنەگەیشتووە، هیچ رووداوێکی کوشتن لە ناوشاری سلێمانی تۆمار نەکراوە.
لەسەر هەمان بابەت، چاوگێک لە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا بە ئێن ئاڕتی وت، هەواڵی کوژرانی "جەلال کایا" بەرپرسی هەواڵگری پەکەکە لە سلێمانی دوورە لە راستییەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، ئاژانسی ئەنادۆڵۆی تورکیا بڵاویکردەوە، دەزگای هەواڵگری تورکیا ناسراو بە (میت) لە شاری سلێمانی، کهسێکیان بهناوی "جەلال کایا" بەرپرسی هەواڵگریی عێراقی پەکەکە لە عێراق کوشتووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، "جەلال کایا" پلاندارێژەری ئەو هێرشە بووە کە لە ١٧ی ٧ی ٢٠١٩ لە رێستۆرانتی "هۆقەباز" لەشاری هەولێر دیپلۆماتکارێکی تورک بەناوی (عوسمان کۆسە)ی تێدا کوژرا.
ئاژانسی ئەنادۆڵ ئەوەشی خستووەتەڕوو، "جەلال کایا" سەرکردایەتی تۆڕێکی سەربە پارتی کرێکارانی کردووە و بەر لە ئەنجامدانی هەر ئۆپراسیۆنێک دژی سوپای تورکیا، زانیارییان کۆ کردوەتەوە و ماوەیەکی زۆر بووە لە هەرێمی کوردستانە و چالاکی ئەنجامداوە.
Your Comment