وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی ۹ سەربازی وڵاتەکەی لە زاپ پشتڕاست کردەوە

بەشی تورکیا- وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، سێ لە سەربازە بریندارەکانی کە لە شەڕ و پێکدادانەکانی دوێنێ لەگەڵ پەکەکە بریندارببوون، گیانیان لەدەست داوە. بەمەش ژمارەی سەربازە کوژراوەکان بۆ ۹ سەرباز بەرز بووەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کاتژمێر ۲۲:۱۱ خولەکی شەوی ڕابردوو، ۱۲ـی کانوونی دووەمی ۲۰۲۴، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە یەکەمین راگەیێندراویدا کوژرانی پێنج سەرباز و برینداربوونی هەشت سەربازی دیکەی لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکیان لەگەڵ پەکەکە لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی ۹ سەربازی وڵاتەکەی لە زاپ پشتڕاست کردەوە

 لە راگەیێندراوی دووەمدا، وەزارەتەکە دەڵێت، سەرباری هەوڵی زۆری پزیشکەکان، یەکێک لەو سێ سەربازە بریندارانەی کە دۆخی تەندروستیان ناجێگیر بوو، گیانی لەدەستدا.

 کاژێر ۰۵:۰۰ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، ۱۳ـی کانوونی دووەمی ۲۰۲۴، ڕاگەیێندراوی سێیەمی بڵاو کردەوە و گیانلەدەستدانی ۳ سەربازی دیکەی راگەیاند. کۆی گشتیی سەربازە کوژراوەکان بۆ نۆ سەرباز بەرزبووە، بەوپێیە ئێستا چوار سەرباز دیکە بریندارن.

 بە گوێرەی بەرگریی تورکیا، یەک لە کوژراوەکان ئەفسەرێکە بە پلەی ملازمی یەکەم. ناوی سەربازە کوژراوەکانیش بەمشێوەیەن: ملازمی یەکەم گۆکهان دەلەن، سەرکان ساین، موسلوم ئۆزدەمیر، کەمال باتور، ئەمروڵڵا گولمەز، هاکان گون، ئەحمەد کۆرئۆغڵو، موراد ئاتار و محەممەد ئێڤجین.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی ۹ سەربازی وڵاتەکەی لە زاپ پشتڕاست کردەوە

 وەزارەتەکە دەڵێت، پەکەکە لە هەوڵی دزەکردنیان بۆ سنوورەکانی تورکیا، لەلایەن سەربازانی وڵاتەکەی لە بنکەی زاپ لە پارێزگای دهۆک رێگریان لێکراوە. بەهۆیەوە پێکدادانی سەخت ڕوویداوە و لە ئەنجامدا پێنج سەرباز کوژران و هەشت سەربازی دیکەش برینداربوون. دۆخی تەندروستی سێ لە سەربازەکان سەختە. ئاماژەی بەوەش کردووە، لە شەڕ و پێکدادانەکەدا ۱۲ چەکداری پەکەکە گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی ۹ سەربازی وڵاتەکەی لە زاپ پشتڕاست کردەوە

 بەمەش، وەک لە ڕاگەیێندراوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای تورکیا لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە لە هەرێمی کوردستان کوژراون، گەیشتە ۱۳۱ سەرباز.

 هەر دوێنێ، ناوەندی چاپەمەنیی و ڕاگەیاندنی هەپەگە رایگەیاند، گەریلاکان کاژێر ۱۷:۰۵ خولەک لە سێ قۆڵەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی سەربازی هێزەکانی سوپای تورکیا لە ناوچەی زاپ. جەخت لەوەش دەکەنەوە، لانیکەم نۆ سەرباز کوژراون و ۱۷ سەربازی دیکەش بریندارن. دۆخی هەشت لە سەربازە بریندارەکان ناجێگیرە.

News Code 222854

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha