ستراتێژیی نوێی تورکیا بۆ ڕاگرتنی پارتی کرێکارانی کوردستان

بەشی جیهان- سێ شرۆڤەکاری پرسی کورد بڕوایان وایە تورکیا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی پەکەکە دەستی کردووە بە سەرکوت کردنی کوردەکانی سووریا بەڵام ئەم ڕێگا سەربازییەش کاریگەر نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سوپای تورکیا بۆ دووهەم جار، دوای ئەوەی زیانی سەربازیی قورسی لەشەڕ کردن لەگەڵ پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان بەرکەوت، دەستی کرد بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەربڵاو لەدژی ژێرخانە ئابوورییەکانی ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا. تورکیا دەڵێت پێکهاتەی سیاسی-سەربازیی کوردەکانی سووریا بەشێکە لە پەکەکە. بۆیە ئامانجێکی ڕەوایە بۆ هێرشە سەربازییەکانی تورکیا.

سێ شرۆڤەکاری پرسی کوردەکان لەوبڕوایەدان بەئامانگرتنی ژێرخانەکانی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا ستراتێژیی نوێی تورکیایە بۆ ڕاگرتنی هێرشە کوشندەکانی پەکەکە لە ناو خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق لەدژی هێزەکانی تورکیا.

ئێلیزا مارکووس، نووسەری کتێبی «خوێن و باوەڕ» لەبارەی پەکەکە لەسەر ئەم بابەتە دەنووسێت: تورکیا پاش کوژرانی 9 سەربازی خۆی لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق، لەڕێگای درۆنەوە ناوچە کوردستانییەکانی سووریای کردۆتە ئامانجی هێرشەکانی خۆی.

ناوبراو لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس ڕایگەیاندووە: ئەگەری زۆرە کە ئەم هێرشانە بەمەبەستی ڕاگرتنی هێرشەکانی پەکەکە بێت. بەڵام ئەم ڕێگا سەربازییەش کاریگەریی نەبووە.

مێگان بۆدت، شرۆڤەکاری پرسی کورد لە پەیمانگەی «کەی پی ئای» چڕبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆسەر کوردستانی سووریا بەم شێوەیە لێکدەداتەوە: ئەم هێرشانە ستراتێژیی نوێی تورکیایە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی پەکەکە لەدژی هێزەکانی تورکیا کە لەناو خاکی هەرێمی کوردستان جێگیرن.

ئەم شرۆڤەکارە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆیدا جەخت دەکاتەوە ئەم هێرشانە ناتوانێت توانای پەکەکە بۆ پەلاماردانی هێزەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان و تەنانەت لە ناوخۆی تورکیاش کەم بکاتەوە.

ناوبراو لەبارەی هۆکاری سوور بوونی تورکیا لەسەر هێرشکردنەسەر کوردەکانی سووریا سەرەڕای نەبوونی کاریگەریی لەسەر تواناکانی پەکەکە دەڵێت: حکوومەتی تورکیا ئەم هێرشانە بۆ ڕازی کردنی ناسیۆنالیستەکانی ناوخۆی وڵاتەکەی ئەنجام دەدات چوونکە ئەوان خۆشحاڵ دەبن بە کوشتنی کوردەکان و بڕوایان وایە ئەم هەنگاوانەی حکوومەتی وڵاتەکەیان لە سووریا یارمەتی گۆڕینی دیموگرافیی ناوچە کوردنشینەکان دەدات.

هەروەها جینا لینۆکس، شرۆڤەکاری پرسی کورد لە ئۆسترالیا بە ئاماژە کردن بەوەی کە تورکیا پەلاماردانی هێزەکانی خۆی لەلایەن پەکەکەوە بەهێرشکرنە سەر ژێرخانە مەدەنییەکانی ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا وەڵام دەداتەوە، داوا لە ناوەندە ئەمریکی و ئەورووپییەکان دەکات ڕێگری لەو هێرشانە تورکیا بۆسەر کوردەکانی سووریا بکەن. ناوبراو بڕوای وایە ئەم چەشنە هێرشانەی تورکیا بۆسەر کوردەکانی سووریا ڕێگاچارەیەکی دروست یه ڕاگرتنی هێرشەکانی پەکەکە نییە.

News Code 222865

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha