میتی تورکیا کوژرانی ئەندامێکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی پەکەکە ڕادەگەیەنێت

بەشی تورکیا- دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا کوژرانی عەبدولڕەحمان چادرجی ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی پەکەکەی لە شارۆچکەی قامیشلۆ باکووری سووریا ڕاگەیاند.

کوردپرێس:

ئاژانسی ئانادۆڵۆ بڵاوی کردەوە بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەستکەوتوون، عەبدولڕەحمان چادرجی کە ناوی نهێنیی "ئەسعەد فاراشین"ە، بەهۆی ئەوەی لە رابردوودا وەک بەناو بەرپرس لە ئەورووپا بۆ پەکەکە کاری دەکرد ناوی نهێنیی "ئەسعەد ئەورووپا"یشی بەکاردەهێنا، لەلایەن دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی تورکیا (MİT)، خرایە ژێر چاودێرییەوە.

ڕاشیدەگەیەنێت: لە لێکۆڵینەوەکاندا ئەوە دیاری کرا کە چادرجی بە هۆکاری ئەمنی لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق و سووریا و ئەورووپا بەردەوام شوێنی خۆی گۆڕیووە و جگە لە کۆبوونەوە تایبەتەکانی رێکخراوەکە دەرنەکەوتووە.

میت دوای ئەوەی زانی، چادرجی کە لە لیستی سووری داواکراواندایە لە سووریایە، لە قامیشلۆ باکووری ئەو وڵاتە ئۆپراسیۆنێکی ئەنجام دا و بەهۆیەوە ناوبراو کوژرا.

چادرجی کە لە ساتی دامەزراندنییەوە چووەتە ریزی پەکەکە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧-١٩٩٩ لە ئەورووپا و لە ساڵی ٢٠٠٠ لە قەندیل باکووری عێراق چالاکی ئەنجام داوە.

چادرجی کە لە ساڵی ٢٠٠١ەوە خراوەتە لیستی سووری داواکراوانەوە، لە باکووری عێراق و لە ئەورووپا بەشداریی لە چالاکییەکان کردووە. ئاماژە بەوەش کراوە، ناوبراو کە لە ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠١٠ وەک بەرپرسی مۆسکۆی پەکەکە کاری کردووە، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە چووتە ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی پەکەکە.

News Code 221724

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha