تورکیا و پەکەکە ئاماری دژبەیەک لەبارەی زیانەکانی شەڕ لەماوەی ساڵی ۲۰۲۳ بڵاو دەکەنەوە

بەشی جیهان- ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل ئاماری شەڕ و پێکدادانەکانیان لە دژی هێزەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵی ۲۰۲۳دا بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەگوێرەی ئامارەکەی هەپەگە؛ ئەم ساڵ هێزەکانی سوپای تورکیا ۱۵۸۰ جار بە فڕۆکەی شەڕکەر، ۳۴۲ جار بە درۆن، پێگەکانی پەکەکەیان بۆردوومان کردووە. پەکەکە دەڵێت، "تورکیا ۱۰۳۸ جار چەکی کیمیایی و ۹ جار بۆمبی قەدەخەکراوی بەکارهێناوە". بەو هۆیەوە ۱۷۹ گەریلا گیانیان لەدەست‌داوە و دوو گەریلاش بە دیل گیراون.

لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەی هەپەگەدا هاتووە؛ گەریلا لەماوەی ئەمساڵدا ۱۷۱۲ جار هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا ۹۱۹ سەرباز، ۷ ئەفسەری پلەدار و دوو گوندپارێز کوژران و ۱۲۸ سەربازیش بریندار بوون.

لەبەرامبەردا ڕۆژی ۲۸ـی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۳، لیوا زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە تۆڵەی کوژرانی ۱۲ سەربازەکەیاندا، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا ۸۱ گەریلا و شەڕڤانیان کردووەتە ئامانج و ئاشکرایکرد تەنیا لە هەرێمی کوردستاندا ۵۹ گەریلا کراونەتە ئامانج.

لیوا زەکی ئاکتورک باسی لەوەکردبوو، لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو ۲۸ی ئەم مانگە ۷۰۶ گەریلا گیانیان لەدەستداوە. هەروەها دەستبەسەر ۲,۹۳۴ دانە چەکی جۆراوجۆر گیراوە. هەروەها ۴,۹۹۹ مین و بۆمب پووچەڵ کراونەتەوە و ۲۴۷۲ ئەشکەوت و حەشارگە پاک کراونەتەوە.

ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی ۱۸ـی نیسانی ۲۰۲۲ لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە. بە گوتەی لیوا زەکی ئاکتورک لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە تاوەکوو ئێستا ۱۶۵۵ گەریلا گیانیان لەدەست داوە.

News Code 222763

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha