بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و باسی لەوەکردووە کە لە هێرشێکی ئاسمانییدا لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانەوە ۵ چەکداری پەکەکە لە هەرێمی کوردستان کراونەتە ئامانج و بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکی دیکەیدا، گیانلەدەستدانی سەربازێکی لە خاکی هەرێمی کوردستان بڵاو کردەوە، دوای ئەوەی سەربازەکە رۆژی ۲۱ی تەممووز لە کاتی ئۆپەراسیۆنێکدا بە سەختی بریندار ببوو، ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەیەکی تورکیا گیانی لەدەستدا.
رۆژی ۲۰ی تەممووزی ۲۰۲۳ش ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هەپەگە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەم چەند رۆژەدا چەکدارانی پەکەکە لە چەندین ناوچەی جیاواز لە خاکی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی هێزەکانی تورکیا بوونەتەوە و لە رووبەڕووبوونەوەیەکی رۆژی ۱۷ی تەمموزیشدا ۳ سەرباز لە ناوچەی زاپ کوژراون و دوو سەربازی دیکەش برینداربوون.
لە راگەیێندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، لە رۆژی ۱۰ی تەممووزەوە سوپای تورکیا لە رێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، تۆپهاوێژ و فڕۆکە جەنگییەکانییەوە پێگەکانی پەکەکە لە ناوچە جیاوازەکانی زاپ، مەتین، خواکوڕک، ئامێدی و ئاڤاشین بەچڕی بۆردوومان دەکات.
رۆژی ۱۸ـی نیسانی ۲۰۲۲، ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
Your Comment