وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی سەربازێکی وڵاتەکەی راگەیاند

بەشی تورکیا- وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی سەربازێکی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاوی کردەوە ڕۆژی 22ی 5ی 2024  ڤەدات زۆربا، سەربازی پیادەی گرێبەست لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ لە هەرێمی کوردستان بۆمبێکی چێندراوی پێدا تەقیوەتەوە کە پێشتر لەلایەن PKKوە دانراوە و بەو هۆیەوە بە سەختی بریندار بووە. دوای ئەوەی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەستداوە.

لەلایەکی دیکەوە ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە، لە دوایین ڕاگەیێندراویدا کە دوێنێ چوارشەممە بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، سوپای تورکیا لە رۆژی 20 بۆ 21ـی ئایار لە هێرشەکانیدا بۆ سەر PKK لە ناوچەکانی زاپ، مەتین و خواکورک 32 جار چەکی کیمیایی و قەدەخەکراوی بەکارهێناوە و فڕۆکەی جەنگی و تۆپخانەکانیان بە شێوەیەکی بەردەوام بۆردوومان و تۆپبارانی ئەو ناوچانەیان کردووە.

ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد و تائێستا بەردەوامە.

News Code 223556

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha